پۆلیسی هەڵەبجە رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی دایک و کچێکیان لە ماڵەکەی خۆیاندا دۆزیوەتەوە. پۆلیس دەڵێت، شوێنەواری فیشەک بە جەستەی هەردووکیانەوەیە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێ کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کاتژمێر 07:20ـی خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ، لەلایەن هاووڵاتییەکەوە ئاگادارکراونەتەوە لە بوونی دوو تەرم لە ماڵێکدا لە گەڕەکی باخی میر.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تەرمەکان هی دایک و کچێکن بە ناوەکانی (ج. ف. س) تەمەن 54 ساڵ و (هـ. هـ. ع) تەمەن 17 ساڵ.
پۆلیسی هەڵەبجە دەڵێت، شوێنەواری فیشەک بە جەستەیانەوە بووە.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەئێستادا تەرمەکان رەوانەی پزیشکی دادی هەڵەبجە کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە بنکەی پۆلیسی هەڵەبجە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێ کردووە.

