سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان رایگەیاند، کە ئەمشەو، هەرێمی کوردستان میوانداری دیاردەیەکی فەلەکی ناوازە دەکات.
ئەژێ چەتۆ، سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: ئەمشەو، هەرێمی کوردستان میوانداری دیاردەیەکی فەلەکی ناوازە دەکات، کە بریتییە لە مانگگیرانی تەواو، بەپێی پێوانەکانی فەلەکناسان، ئەم ڕووداوە لە کاتژمێر ٧:٢٧ خولەکی ئێوارە دەستپێدەکات و تا کاتژمێر ١١:٥٥ خولەکی شەو بەردەوام دەبێت، بە کۆی گشتی پێنج کاتژمێر و بیست و حەوت خولەک دەخایەنێت.
سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان گووتی: مانگگیرانەکە لە سەرەتادا بە “نیمچە سێبەر” دەستپێدەکات، کە لەم قۆناغەدا بە چاوی مرۆڤ هەست پێناکرێت و تەنها لە ڕێگەی وێنەگرتنەوە دەردەکەوێت. بەڵام لە کاتژمێر ٩:١١ خولەکی شەو دەگاتە لوتکەی خۆی، لەو کاتەدا مانگ بە تەواوی دەکەوێتە ناوچەی سێبەری زەوی و ڕەنگی سوور یان پرتەقاڵی تۆخ وەردەگرێت، کە بە چاوی ڕووت دەبینرێت. پاش کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی شەو، مانگ وردە وردە لە سێبەری زەوی دەردەچێت و دیاردەکە لە کاتژمێر ١١:٥٥ خولەک کۆتایی دێت.
هەروەها ئەژێ چەتۆ، سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان ئەقەشی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە هەرچەندە لەسەر ئاستی جیهانی ساڵانە سێ بۆ چوار جار دیاردەی خۆرگیران و مانگگیران ڕوودەدەن، بەڵام ئەم مانگگیرانە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە بەشێوەیەکی ڕوون دەبینرێت. دوایین مانگگیرانی تەواو کە لە هەرێمی کوردستان بینرا، لە ساڵی ٢٠١٨ بوو. فەلەکناسان پێشبینی دەکەن دیاردەی هاوشێوەی داهاتوو لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٨ ڕووبدات.
رێباز یونس

