zagros news agency

هونەر و ناسنامە ، كورد چی بكات باشە؟

ئەمڕۆ 9ی ئەیلوولی 2025، 32یەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ بەناونیشانی “هونەر و ناسنامە، کورد چی بکات باشە؟” لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.
لەم گفتوگۆیەدا کە هەریەک لە بەڕێزان “ئەحمەد سالار، شڤان پەروەر، د. دڵشاد محەمەد سەعید، هودا ئەحمەد سەبری، د. ئامانج غازی، ماهر حەمەد ئەمین، سەبری عەبدی، ئیڤان عەبدوڵا، تاریق ئاکرەی و مستەفا دادار (بە سکایپ)”، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ “ئازا حەسیب قەرەداخی، شڤان حەمدی، د. جەلال ئەحمەد و فەرهاد محەمەد” ئامادە بوون، سەرەتا ئەو ڕاپۆرتە مەیدانییە لەسەر شاشە بۆ ئامادەبووان نمایشکرا کە لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان ڕاو و بۆچوونی هونەرمەندانی لە هەموو بوارەکانی هونەر وەرگیرابوون و جەخت لەسەر ئەو ئاڵنگاری و ئاستەنگانە کرابووەوە کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی هونەری کوردی دەبنەوە.
لەم گفتوگۆیەدا ئامادەبووان بە گشتی جەختیان لەوە کردەوە کە هونەر بەشێکی گرنگی ناسنامەی هەر نەتەوەیەکە، بۆیە دەبێت حکومەت دیدگا و ستراتیژییەتی هەبێت بۆ پەرەپێدانی هونەر و پشتگیریی هونەرمەندان، بەڵام ئەم سیاسەت و دیدگا ستراتیژییە بۆ هونەر وەک پێویست لە هەرێمی کوردستان بایەخی پێنەدراوە. لە بەشێکی دیکەی ئەم گفتوگۆیەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی هونەر لە هەرێمی کوردستان بایەخیان پێنەدراوە و پێویستە ئەو کۆمپانیایانە بوونیان هەبێت و پەرە بە هونەر بدەن و پشتگیریی هونەرمەندان بکەن. هەر لەم گفتوگۆیەدا، هونەرمەندان ڕەخنەی خۆیان ئاراستەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن هونەرمەندی ڕاستەقینە و بەناو هونەرمەند لە یەکتر جیاناکەنەوە و هێندەی بایەخ بە کەسانی ناهونەرمەند دەدەن و گەورەیان دەکەن، ئەوەندە بایەخ بە هونەرمەندی ڕاستەقینە نادەن، کە ئەمەش جۆرێک لە ساردبوونەوەی لای هونەرمەندان دروستکردووە.
سەبارەت بە گرفت و ئاستەنگانەی ئافرەتان لە کایەی هونەردا ڕووبەڕووی دەبنەوە، خانمانی هونەرمەند زۆر ڕاشکاوانە ئەو ئاستەنگ و گرفتانەیان خستەڕوو، لە هەمان کاتدا ڕەخنەی توندیان ئاراستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە پشتگیریی خانمانی هونەرمەند ناکات و هەوڵی نەداوە یاسایەک دابنێت کە داکۆکی لە مافی خانمانی هونەرمەند بکات.
جێگەی ئاماژەپێکردنە کە ڕاپۆرتی ئەم گفتوگۆیە لە ڕۆژی 15ی ئەیلوول لەسەر لاپەڕەکانی گۆڤاری گوڵان بڵاو دەکرێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشناسی هەرێم: پلەکانی گەرما  بەرز دەبێتەوە

سەڵاح

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق دەکات

یاسین

ئەمڕۆ لایەنگرانی ئەنەکەسە لە قامیشلۆ خۆپیشاندانیان بۆ ئازادكردنی گیراوانیان كرد

سەڵاح