ئەمڕۆ سێشەممە 2025/9/16 لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان بەرپرسانی ژمارەیەک لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمەریکا، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بەڕێوە چوو.
لە گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەدا، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی هێزی پێشمەرگە و پێویستیی یەکخستنەوەیان، دوا هەنگاوەکانی پرۆسەکە و ئەو قۆناغانەی کە ماون، خرانە ڕوو.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەوڵ و هەنگاوی هاوبەش بە ئاراستەی خێراکردنی پرۆسەکە و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەمی دووپات کرایەوە و بیروڕا سەبارەت بە فراوانکردنی هەماهەنگی و هاریکاری لە نێوان هەردوولادا، ئاڵوگۆڕ کرا.

