ئەندامێكی نجوومهنی نوێنهرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، كە هیچ كێشە و ئاستەنگێك لەبەردەم ناردنی مووچەی مانگی هەشت لە بەغداوە نییە و چاوەڕێ دەكرێت ئەم هەفتەیە بڕیار لە ناردنی مووچە بدرێت.
سەگڤان سندی، ئەندامی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی ڕاگهیاند: لە كاتێكدا هەندێك لایەنی سیاسی بابەتی مووچەیان كردووەتە ئامرازێك بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و بەهۆیەوە موزایەدە بەسەر خەڵكەوە دەكەن، كەچی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ژیرانە كێشە بنەڕەتییەكانی پەیوەندیدار بە كێشەی مووچەی چارەسەر كردووە و هیچ پاساوێكی بۆ بەغدا نەهێشتووەتەوە، بە دڵنیاییەوە هیچ ئاستەنگێك لەبەردەم ناردنی مووچە لە بەغداوە نەماوە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێ ئەم هەفتەیە بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی هەشت بدرێت.
ئەندامی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گووتی: پێمان سەیرە سەرانی هەندێك حزب بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە دەچنە بەغدا، لە كاتێكدا هەموو خەڵك باش دەزانن كە هیچ ئاستەنگێك بۆ ناردنی مووچە نەهێڵدراوە، ئایا ئەو حزبانە خەڵكی هێندە بە نەزان دەبینن كە بە ئاشكرا و بە نوێژی نیوەڕۆ درۆیەكی ئاوایان لەگەڵ بكەن.
هەروەها سەگڤان سندی، ئەندامی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی بۆ ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە ئەم جۆرە درۆ و موزایەدانە كاریگەریی لەسەر دەنگی خەڵك نابێت، خەڵكی باش دەزانن كە كێشەی مووچە كێشەیەكی پەیوەندیدارە بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەیەكی حزبی نییە تا ئەم و ئەو موزایەدەی پێوە بكەن.
رێباز یونس

