بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە کەرتی وەرزشی کوردستان و بەدەستهێنانی نازناوێکی جیهانی لەلایەن هاندەرانی یانەی وەرزشی زاخۆ، بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری وەک وەرزشکارێکی دێرین و سەرۆکی یانەی وەرزشی سیروانی نوێ بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بۆ دیاریکردنی باشترین هاندەری جیهان کرد.
ئاوات شێخ جەناب ڕۆژی دوو شەممە ( ٢٤ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ) لە ڕێگای ئۆنلاینەوە دەنگی بەیانەی وەرزشی زاخۆدا کە پاڵێوراون بۆ بردنەوەی خەڵاتی زە بێست-ی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ / فیفا بۆ باشترین هاندەری وەرزشی لەساڵی ٢٠٢٥ لەسەر ئاستی جیهاندا.
وەزیری دارایی داوای لەهەموو هاونیشتیمانیانی کوردستان کرد لەهەر شوێنێکی جیهان بن بەشداری لەم پرۆسە نیشتیمانییە بکەن و دەنگی خۆیان بدەن بە هاندەرانی یانەی زاخۆ لەسەر ماڵپەڕی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ / فیفا.
جێگای ئاماژەیە ، بۆ یەکەمجارە لە ميژووی تۆپی پێی ئاسیاو عێراقدا، یانەی وەرزشی زاخۆ وەک یەکەم یانە بەربژێر دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە جیهانییە کە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ وەرزشی کوردستان.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری
٢٤ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥

