بەبۆنەی ساڵڕۆژی جیهانی ڕاگەیاندنی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ لە ١٩٤٨/١٢/١٠ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ جەخت لەسەر پابەندی خۆی دەکاتەوە لەسەر کارکردن و داکۆکی کردن لەمافەکانی مرۆڤ و پارێزگاری کردن لەمافی گشتی و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەگشتی.
لەو یادەدا دەستەی مافی مرۆڤ وەک دەزگایەکی باڵای نیشتمانی سەربەخۆ بەخۆشحاڵیەوە ڕایدەگەینێت کەبەبێ جیاوازی و دوور لەهیچ فشارێک و دڵسۆزانەو بێ لایەنانە ئەرکەکانی خۆی جێ بەجێ کردووە وەبۆتە دەزگایەکی متمانە پێکراوی هاوڵاتیان بۆ ئەوەی داکۆکی لەمافەکانیان بکات.
دەستەکەمان بەگرنگیەوە بۆ باشتر کردنی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان کاری کردووە هیچ کات سڵی نەکردوە لە بەدوا داچون و دۆکیۆمێنت کردنی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لەهەر ئاست و پێگەو شوێنێک بوبێ هەمیشە دەرگای دەستە کراوەبوە بۆ وەرگرتنی سکاڵای هاوڵاتیان و هەر دام و دەزگاو ڕێکخراوێک کە هانای بۆ دەستە هێنابێ.
دەستەی مافی مرۆڤ جەخت دەکاتەوە کە بەڵێ سەرنجمان هەبوەو پێشلکارییش بەردەوام هەیە بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ بەڵام بەهەوڵی دڵسۆزان و داکۆکی کارانی بواری مافی مرۆڤ هەوڵەکان بەردەوامن لە باشترکردنی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان.
دەستەکەمان هەماهەنگی پتەوی هەیە لەگەڵ دامەزراوە فەرمیەکانی هەرێم و سەرۆکایەتیەکان و سەرجەم لایەنەکان و هەرکاتێک لەهەر شوێن و جێگەیەک یان بەرامبەر هەرکەس و شوێنێک سەرنجمان هەبوبێ پێمان ڕاگەیاندوون لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆمان ئاماژەمان پێ داوە.
جگە لەوەش هەر کاتێک لەهەر جێگەیەک ڕووداوو پێشێلکاریەک هەبوبێ تیمی تایبەتی دەستە سەردانی کردوەو پەیاممان هەبووە.
بەرز ڕاگرتنی ئەو یادە مکوڕترمان دەکات لەسەر بەردەوامیمان لەو ئەرکە پیرۆزە مرۆییەی لەسەر شانمانەو سەرەڕای هەر کەم و کوڕیەک بەڵام کارمەندان و تیمە ماندو نەناسەکانی دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوامن لەخزمەت کردن و بەدواداچون بۆ کەیسەکانی پێشێلکاریەکان
هیوادارین ئەو یادە ببێتە مایەی هاتنە کایەی خۆشگوزەرانی و سەقامگیری و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/١٢/٩

