دوای روودانی لافاو لە شاری كەركوك و چەمچەماڵ و ئیدارەی گەرمیان، دەزگای روانگە وەك بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانی بە زوویی بەهانای خەڵكی زیانلێكەوتووی لافاوەكە چوو.
لە ماوەی پێنج رۆژدا و بە هەوڵی بێوچانی بەردەوام، بە بەشداری تیمێکی ١٠٠ کەسی لە کارمەندان و خۆبەخشان، دەزگای روانگە توانی کەلوپەل و پێداویستییەکان بەسەر ١٢٤٠ خانەوادە دابەشبکات.
دابەشكردنی كۆمەك و پێداویستییەكان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بوو بەسەر سەرجەم ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی شۆڕش و تەکیە کە هەریەک لە گەڕەکەکانی راپەرینی یەک و دوو، ئازادی دوو، گەڕەکی بێکەس و گەڕەکی پورە گوڵێ، پیریادی، لە هەردوو قەزای کەلار و رزگاری گەڕەکە زیانلێکەوتووەکانی ئازادی، سیروان، گۆران، سەرکەوتن، گردەگۆزینە.
هەروەها دەزگای روانگە بە گیانێكی نیشتیمانییانەوە رووی لە زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی کەرکوكیش كرد و كۆمەك و پێداویستی بەسەر خێزانە زیانمەندەكانی لافاوەكەی گەڕەکی شۆراو دابەشكرد.
لەم پێنج رۆژەدا دەزگای روانگە بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی (JCC)ەکان لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و كۆمسيۆنی فرياگوزاری بووژانەوەی مرۆيی قەزای چەمچەماڵ، سەرجەم کەلوپەل و پێداویستییەکانی دابەشکرد.
بڕی ئەو پێداویستی و كەل و پەلانەی كە دەزگای روانگە لەم هەڵمەتەدا دابەشیکردوون پێکهاتبوو لە ١٠٠٠٠٠ سەد هەزار مەتر رایەخ، ١٢٤٠ سۆپای تۆربۆ، ٦٢٠٠ بەتانی دوو کەسیی، و ٦٢٠٠ دۆشەک و ٦٢٠٠ سەرین لەگەڵ زیاتر لە ٢٠٠٠ شیر و کەلوپەل و پێداویستییەکانی تری منداڵان. ئەمە سەرەڕای بەجێگەیاندنی چەندین داواکاری تری تایبەتی خانەوادە زیانلێکەوتووەکان.
ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی ئەرکەکانمان، تیمەکانمان گەڕانەوە. جێگەی خۆیەتی کە سوپاس و پێزانینی خۆمان دەرببڕین بۆ تیمەکانی ئاسایش و پۆلیس و موختاری ناوچەکان و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هاوکاری و هەماهەنگیان لەگەڵ تیمەکانی دەزگای روانگە لە سەرجەم ناوچە زیانلێکەوتووەکان.
هیوا دەخوازین هەرگیز ڕووداوی لە شێوەیە دووبارە نەبێتەوە و بەزووترین کات دۆخی هاووڵاتیان ئاسایی ببێتەوە و کوردستان هەمیشە بە ئاوەدانی و سەقامگیری بمێنێتەوە.
دەزگای روانگە
٢٠٢٥/١٢/١٥

