بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
جەماوەری وەرزشدۆستی کوردستان..
بە شانازی و خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، پێشوازی لە هەواڵی دەستنیشانکردنی هاندەرانی “یانەی وەرزشی زاخۆ” دەکەین وەك (باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهان) لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی جیهانی (FIFA).
ئەم دەستکەوتە مێژوویی و جیهانییە، تەنیا شانازییەك نییە بۆ شاری زاخۆی دەلال، بەڵکوو سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ تەواوی وەرزشدۆستان و سیمای شارستانیی هەرێمی کوردستان.
هاندەرانی یانەی زاخۆ، بە دڵسۆزی، حەماسەت و ئەو تابلۆ هونەرییە ناوازانەی لە نێو یاریگەدا دەیخولقێنن، سەلماندیان کە لاوانی کورد خاوەنی کولتوورێکی بەرزی وەرزشی و رەوشتێکی بەرزن کە دەتوانن سەرنجی هەموو جیهان بەلای خۆیاندا رابکێشن و ئەم خەڵاتەی فیفا، شاهێدییەکی نێودەوڵەتییە بۆ زیندووێتی و وزەی ئەرێنیی لاوەکانمان.
ئێمە لە یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، وێڕای پیرۆزبایی گەرممان لە ئیدارەی یانەی زاخۆ، یاریزانان و بەتایبەتی هاندەرە بەوەفا و خوێنگەرمەکانیان، جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەمیشە پشتیوانی هەر دەستپێشخەری و سەرکەوتنێك دەبین کە ناوی پیرۆزی کوردستان لە ناوەندە جیهانییەکان بەرز رابگرێت.
دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە هۆکار بوون بۆ دروستکردنی ئەم کەشە وەرزشییە شارستانییە و هیوادارین ئەم خەڵاتە ببێتە هەوێنی زیاتر بەرەوپێشچوونی وەرزش لە هەرێمی کوردستان و هاندەرانی یانەکانی تریشمان بە هەمان رۆحیەت و گیانی وەرزشییەوە نموونەی جوان پێشکەش بکەن.
یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان
مەکتەبی سکرتاریەت
١٦ـی١٢ـی٢٠٢٥

