ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی شوباتی 2026، وەزیری ناوخۆی فیدراڵی بەڕێز “عەبدولئەمیر ئەلشەمەری” لەگەڵ بەڕێز” فارس عیسا” سهرۆكى نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، کۆبووەوە.
لە میانی دیدارەکەدا، هەردوولا پێداچوونەوەیان بە دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەکە کرد، هەروەها ڕێگاکانی بتەوکردنی هاوكارى و هەماهەنگی هاوبەشی نێوان ههردوو وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، جگە لە پەرەپێدانی میکانیزمی هاوکاری لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا.
هەروەها باسیان لە ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ کرد، لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی هاوکاری نێوان دەزگا ئەمنییەکانی فیدراڵی و هاوتاکانیان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی، پەیوەستن بە ڕەگەزنامە و بەڵگەنامەی ناسنامە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم.
هەردوولا جەختیان لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنوور، لە ڕێگەی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هێزەکانی زێرەڤانی و هێزەکانی سنووری فیدراڵی بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و، ڕێگریکردن لە دزەکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان و قەوارە دوژمنکارەکان کردەوە.
لەکۆتایی ديدارهکەدا ،سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای کرد کۆبوونەوەیەک لە نێوان وەزیرانی ناوخۆی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بهم زووانه ساز بكرێت ،بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی ڕێگری لە کاری هاوبەش و، پتەوکردنی چوارچێوەی هاریکاری نێوان هەردوولا.

