“خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسانەی کە ئاشتی دروست دەکەن، چونکە بە ڕۆڵەی خودا ناودەبرێن” (مەتتا ٥: ٩)
بەرێز فەخامەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی
بە دڵێکی پڕ لە ئازار و بە باوەڕێکی نەگۆڕ بە ئومێدی ئاشتی، هەواڵی ئەو پەلامارە تاوانکارییە ترسنۆکانەیەمان پێگەیشت کە کرایە سەر ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی جەنابتان لە دهۆک. ئێمە لە دەستەی سیاسی هاوپەیمانی مەسیحی، هاوسۆزی تەواوی خۆمان بۆ جەنابتان و بنەماڵە بەڕێزەکەتان دەردەبڕین و لە بەرامبەر ئەم کارە نادروستەدا هاوسەنگەرتانین؛ کارێک کە نەک تەنها شەخسی جەنابتان، بەڵکو تەواوی ئەو ڕێچکەی میانڕەوی و پێکەوەژیان و ئاشتییە دەکاتە ئامانج کە لە کاروانی سیاسی خۆتاندا بەرجەستەتان کردووە.
لە هەمان کاتدا، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی قارەمان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و ئەو هێرشانە دەکەین کە کرانە سەر ناوچە مەدەنیەکان، بەتایبەتی ئەوانەی نزیکن لە شوێنە پیرۆزەکان و کەنیسەکان، کە خاوەن ڕەمزێکی ڕۆحی و مرۆیی کۆکەرەوەن. ئەم کارە تاوانکارییانە ترساندنێکی ڕاستەوخۆی هاووڵاتیانی بێتاوان و پێشێلکردنێکی زەقی دەستووری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکان و عورفە مرۆییەکانە.
لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانیمانەوە، پشتگیری لە هەڵوێستی فەخامەتی جەنابتان و جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکەین بۆ دوورخستنەوەی کوردستان لە ململانەی جەنگ. هاوکات داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین ئەرکی دەستووری خۆی بەتەواوی جێبەجێ بکات بۆ کۆتاییهێنان بەم دەستدرێژییە مەترسیدارانە، و بە جیدی کار بکات بۆ ئەوەی چەک تەنها لەژێر دەسەڵاتی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییە دەستوورییەکاندا بێت، بە شێوەیەک کە سەروەری دەوڵەت و ئاسایشی هاووڵاتیان بپارێزرێت.
هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی و مرۆییەکانی خۆی هەڵبگرێت و بە پەلە بجوڵێت بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاراستنی مەدەنییەکان لە مەینەتییەکانی جەنگ و ململانێ، کە جگە لە وێرانکاری و ئازار هیچیتری لێ ناکەوێتەوە.
لە مە ساتەوەختە هەستیارەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە یەکڕیزیی کوردستانییان و عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە، بەربەستێکی پۆڵاینە لە بەردەم پشێوی و لێکترازان، و تەنها زامنی ڕاستەقینەیە بۆ پاراستنی نیشتمان و پاراستنی داهاتووی لە رۆیشتن بەرەو قەیرانی زیاتر.
لە کۆتاییدا، نزا بۆ یەسووعی مەسیح ی شکۆمەند دەکەین کە بەرەکەتی خۆی بڕژێنێت بەسەر گەلی کوردستان و عێراقدا، و حیکمەت و تێگەیشتن ببەخشێت بە سەرکردایەتییەکەی لەم قۆناغە هەستیارەدا، و ئاشتییەکەی کە لە سەرووی هەموو تێگەیشتنێکە بەسەر ئەم خاکەدا ببارێنێت، تا دادپەروەری باڵادەست بێت و ئاشتی بچەسپێت و ئیرادەی ژیان سەربکەوێت.
“خودا نور و ڕزگاریی منە، لە کێ بترسم؟ خودا قەڵای ژیانی منە، لە کێ بهەژێم؟” (زەبوور ٢٧: ١)
دەستەی سیاسی هاوپەیمانی مەسیحی:
* پارتی ئەنجومەنی نەتەوەیی کلدانی
* پارتی یەکێتی دیموکراتی کلدانی
* پارتی بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریانی
* هاوبەندی کلدانی جیهانی
* کۆمەڵەی ئەرمەنی
* لیژنەی کارگێڕی تائیفەی ئەرمەنی ئۆرسۆدۆکس
* ڕێکخراوی پشتگیری مافەکانی ئەرمەن
* رەوتی شلاما بۆ کاروباری مەسیحییەکان

