سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەچێتە بەغدا. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئێستا هەوڵی جیددی هەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-04-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێداونێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “بەمنزیکانە” نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت سەردانی بەغدا دەکات.
بە گوتەی دڵشاد شەهاب لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت چەند پرسێک تاوتوێ دەکرێن، لەنێویشیاندا بەشداریی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا. ئەو گوتی، “سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە هەموو توانایەکییەوە کار بۆ بەشداریی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات”.
وەکو ئەوەی گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێ دا، بەشداریی پێکهاتەکان لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، “بەشدارییەکی کاریگەر و کارایە و تابلۆیەکی جوانی هەرێمی کوردستانە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە هەموو توانایەکییەوە هەوڵی پاراستنی ئەو تابلۆیە جوانە دەدات”.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی “هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا دەکرێت؟” دڵشاد شەهاب گوتی، “ئێستا هەوڵی جیددی هەن و جموجوڵەکان بەو ئاراستەیەن کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، چونکە پڕۆسەی هەڵبژاردن شتێک نییە تەنها بە ژمارەیەک بڕیار دەربچێت، دەبێت زەمینەسازی بۆ بکرێت. چەند لایەنێک تێیدا بەشدارن، لایەنی سەرەکی هاووڵاتییە و مافی دەستووریی خۆیەتی. کارەکتەری سەرەکیش، لایەنە سیاسییەکانن، بۆیە دەبێت ئەم زەمینەسازییە ڕەنگ بداتەوە”.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، “بەهۆی ئەو ململانێیە سیاسییانەی لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا هەبوون، زیانێکی زۆر بە هەرێمی کوردستان گەیشتووە. ئێستا کاتی هاتووە، ناکۆکییەکان بەلاوە بنێین و بوونی پەرلەمانێک کە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی سەرجەم چین و توێژەکانی گەلی کوردستان بکات، ئامانجی هەمووان بێت