zagros news agency

گرنگیی بەشداریی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی لە کۆڕبەندی ئەنتالیا

 

بەهرە محەمەد

​کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا (Antalya Diplomacy Forum) یەکێکە لە گرنگترین کۆنفرانسە دیپلۆماسییەکان لە جیهاندا کە ساڵانە لە شاری ئەنتالیای تورکیا بەڕێوە دەچێت. ئەم کۆڕبەندە ساڵی ٢٠٢١ دامەزراوە و بووەتە چالاکییەکی دیپلۆماسیی ساڵانە کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە سەرپەرشتی دەکرێت. لەسەر ئاستی جیهانیش، سەرۆک وڵاتان، وەزیران و نێردە دیپلۆماسییەکان تێیدا بەشدار دەبن.
​لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیادا باس لە چەندین پرسی گرنگ دەکرێت؛ وەک ڕووداوەکانی جیهان و ناوچەکە، پرسی شەڕ و ئاشتی، لایەنی ئابووری، سیاسی، ژینگەیی و چەندین پرسی تری هەنووکەیی. گرنگیی کۆڕبەندی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، لە بوونی چەندین گۆڕانکاریی سیاسی و جیۆپۆلیتیکی و ئاریشەی گەورە لە ناوچەکەدا بوو؛ گرنگترین تەوەرەکانیش پرسی شەڕ و ئاشتی، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران لە لایەک، و پرسی ئابووریی ناوچەکە بەتایبەتی گەرووی هورمز لە لایەکی ترەوە بوون.
​ئەوەی بۆ لایەنی کوردی جێگەی بایەخ و گفتوگۆیە، بەشداریی نێچیرڤان بارزانی بوو وەک سەرۆکی هەرێم و نوێنەری کورد لەم کۆنفرانسەدا. نێچیرڤان بارزانی جگە لەوەی وەک سەرۆکی هەرێم بەفەرمی بانگێشت کرابوو، خۆیشی دیپلۆماتکارێکی کاریگەرە لە ناوچەکەدا و ڕۆڵێکی مەزنی لە پرسە گەورەکان و چارەسەری ئاریشەکاندا هەیە؛ هەر بۆیە لە لایەن وڵاتانی ناوچەکە و جیهانەوە لە ناوەندەکانی بڕیارداندا حیسابێکی تایبەتی بۆ دەکرێت. وەک لە میدیاکانیشەوە بینیمان، سەرۆکی هەرێم چەندین دیداری گرنگی لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرانی وڵاتان ئەنجام دا، ئەمەش گرنگی و ڕۆڵێکی گەورەی هەیە بۆ داهاتووی ناوچەکە و پێگەی هەرێمی کوردستان لە گۆڕانکارییەکاندا؛ چونکە بوونی نوێنەری کورد لەم کۆنفرانسەدا دەبێتە بەشێک لە چارەسەری کێشەکان و گەیاندنی پەیامی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی ناوچەکە.
​نێچیرڤان بارزانی لەم کۆڕبەندەدا کە نوێنەرایەتیی گەلی کوردی دەکرد، زۆر سەرکەوتووانە توانی پەیامی ئاشتی و بێلایەنیی هەرێم بە وڵاتانی بەشداربوو بگەیەنێت. بۆچوونی کوردیشی لەبارەی کێشە و ئاڵۆزییەکان خستە بەردەم نوێنەرانی وڵاتان، کە بریتی بوو لە دوورەپەرێزیی هەرێم لە ململانێ و شەڕەکان. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان دژی بەکارهێنانی هێزە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسەکان، و داوای کرد بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان پەنا ببرێتە بەر ڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە گشتییەکان.
​بۆ هەرێمی کوردستان و گەلی کورد، ئەوەی زۆر گرنگ بوو گەیاندنی پەیامی هەرێم بوو لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، پرسی ئابووری و دوورخستنەوەی مەترسییەکان. سەرۆکی هەرێم بە نێردەی وڵاتانی ڕاگەیاند کە هەرێمی کوردستان هەمیشە بەشێکە لە چارەسەر، ئاشتی و ئارامیی ناوچەکە. ئەم بەشدارییە کاریگەرییەکی پۆزەتیڤی دەبێت بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان.
​ئەمڕۆ کورد ڕۆڵێکی گەورەی لە ناوچەکەدا هەیە و بەشێکە لەو بابەتە ستراتیژییانەی باس دەکرێن، بۆیە ئامادەبوونی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێگەی هەرێمی کوردستان لە داهاتووی ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات. نێچیرڤان بارزانی وەک دیپلۆماتکارێکی سەرکەوتوو، بەردەوام خاوەنی بۆچوونێکی واقیعبینانە و لۆژیکی بووە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسەکان. بێگومان دەرئەنجامەکانی ئەم کۆنفرانسە دەردەکەون و پێگەی هەرێم لە گۆڕەپانی سیاسیی ناوچەکەدا بە بەهێزی دەمێنێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

پارە گەیشت و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت

سەڵاح

لە دوای داخستنی پاڵاوگە نا یاساییەکان، کارگە و مۆلیدەى گەڕەکەکان پابەندى ژینگە پارێزى دەکرێن

یاسین

لە شێخان بەردی بناغە بۆ سێ پڕۆژەی خزمەتگوزاری دانرا

سەڵاح