ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی ئایاری ٢٠٢٦، دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا لەگەڵ (ئێدواردۆ ڕامۆن مێرینۆ دێ مێنا)، بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی ئەو وەزارەتە کۆبووەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە ڤالەنتینا لۆمبێراس، بەرپرسی دێسکی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا و دکتۆر عەلی کازمی، نوێنەری باڵیۆزخانەی عێراق ئامادەی بوون، تیشک خرایە سەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە پرسی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگی هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان.
هەر لە دیدارەکەدا، باس لە ڕێگەکانی پەرەپێدانی کاری هاوبەش و ئەنجامدانی پڕۆژەی پێکەوەیی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا کرا.
لای خۆیەوە، ئێدواردۆ ڕامۆن، بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی ئیسپانیا، خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەکە دەربڕی و ئامادەیی وڵاتەکەشی نیشاندا بۆ کارکردن لەسەر پڕۆژەی هاوبەش، بە ئامانجی سوودوەرگرتن لە ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لە بوارە جیاجیاکاندا.

