zagros news agency

هەولێر: فیستیڤاڵی ‘بەهارە’ بۆ پاڵپشتیی بەرهەمی ناوخۆیی و ڕەخساندنی دەرفەتی کار دەستیپێکرد

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، لە نێو کەشێکی پڕ لە چالاکی و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی و ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانیان، فیستیڤاڵی “بەهارە” لە پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر کرایەوە.

فیستیڤاڵەکە لەلایەن ڕێکخراوی “تاک ڤین” و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری پارکی سامی عەبدولڕەحمان ڕێکخرابوو. ئامانجی سەرەکیی فیستیڤاڵەکە بریتییە لە دۆزینەوەی دەرفەتی کار، بەرزکردنەوەی ڕۆحی هاوبەشی و پاڵپشتیکردن لە پیشەوەرانی ناوخۆ و خاوەن کارە دەستییەکان.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کاتی کردنەوەی فیستیڤاڵەکەدا لە گوتەیەکدا ئاماژەی بە گرنگیی سازکردنی ئەم جۆرە چالاکییانە کرد و ڕایگەیاند: “ئەم فیستیڤاڵانە ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە پشتگیریکردنی دەستی کار و بەرهەمی ناوخۆیی. هەروەها هاندەرێکی باشن بۆ ناساندنی بەرهەمەکان و فراوانکردنی بازاڕی کار، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ یارمەتیدەری گەشەپێدانی ئابووری و ڕەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر دەبێت بۆ گەنجان.”

هاوکات، بەشداربووانی فیستیڤاڵەکە خۆشحاڵیی خۆیان بە ڕەخساندنی ئەو کەشە دەربڕی و جەختیان لەوە کردەوە کە سازکردنی ئەم جۆرە چالاکییانە، دەبێتە هۆی ئەوەی پیشەوەران بتوانن بەرهەمەکانیان ڕاستەوخۆ بە هاونیشتمانیان بناسێنن.

فیستیڤاڵەکە جگە لە ڕەهەندە ئابوورییەکەی، وەک پەیامێکی ئاشتی و پێکەوەژیان لە پایتەخت دەبینرێت و بڕیارە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام بێت، کە تێیدا چەندین چالاکیی جۆراوجۆر بۆ میوانان و هاونیشتمانیان نمایش دەکرێن.

هەواڵی پەیوەندیدار

چەند رێکارێک بۆ پاککردنەوەی ژینگەی هەولێر دەگیرێتەبەر، پاڵاوگە نایاساییەکان دادەخرێن

سەڵاح

بەردی بناغەی پروژەی دروستكردنی چەند شەقامێک لە گەرەکی قەرەبۆی تۆبزاوە  دانرا

سەڵاح

بەبۆنەی یادی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی، ئاراس حەبیب و ئەسیل نوجەیفی پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی دەکەن

سەڵاح