توێژینەوەیەکی نوێ کە لەسەر نزیکەی ۱۰۵ هەزار کەسی پێگەیشتووی تەندروست ئەنجامدراوە ڕایگەیاند، پێبەندبوونی بەهێز بە هەر یەکێک لە ۵ جۆرە سیستمی خۆراکی تەندروست، دەتوانێت تەمەنی پێشبینیکراوی مرۆڤ بە بڕی ۱.۵ تا ۳ ساڵ درێژتر بکاتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی “ڤێری وێڵ هێڵس”، ئەگەرچی جیاوازییەکی کەم لە نێوان ئەم ڕژێمە خۆراکییانەدا هەیە، بەڵام هەموویان لە خاڵێکدا هاوبەشن: تەرکیزکردن لەسەر خواردنی ڕیشاڵەکان و چەورییە تەندروستەکان (کە لە میوە، سەوزە، پاقلەمەنی، دەنکەواڵە تەواوەکان، گوێز و تۆوەکاندا هەن)، لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان، چەورییە زیانبەخشەکان و خوارنەوە شیرینکراوەکان.
ئەم ۵ سیستمە خۆراکییە بریتیین لە:
١. سیستمی خۆراکیی دەریای ناوەڕاستی دەستکاریكراو
ئەم سیستمە لە ڕژێمی داگیرکەرانی دەوری دەریای ناوەڕاستەوە وەرگیراوە و بۆ کۆمەڵگەکانی تر گونجێنراوە. تەرکیز دەکاتە سەر خواردنی سەوزەوات (جگە لە سێوی زەوی)، پاقلەمەنی، میوە، گوێز، دەنکەواڵەکان و ماسی. بەکارهێنانی ئەم سیستمە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرەی جۆری دووەم و لاوازبوونی بیرخەرەوە کەمدەکاتەوە.
٢. سیستمی خۆراکیی داش (DASH)
ئەم ڕژێمە تایبەت بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێنی بەرز بێ بەکارهێنانی دەرمان پەرەی پێدراوە. هانی خواردنی میوە، سەوزە، گوێز، پاقلەمەنی، شیرەمەنی کەمچەوری و دەنکەواڵەکان دەدات. لە بەرامبەردا ڕێنمایی دەدات بە کەمکردنەوەی خوێ (سۆدیۆم)، گوشتی سور و پرۆسێسکراو، و خوارنەوە شیرینەکان.
٣. سیستمی خۆراکیی ڕووەکیی تەندروست
ئەم سیستمە بۆ هاندانی زیاتری خواردنی خۆراکە ڕووەکییە تەواوەکان دروستکراوە، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمە ئاژەڵییەکان و خۆراکە دەستکاریکراوەکانە، بەمەش بەرگری لەش بەرامبەر نەخۆشییەکان بەرز دەکاتەوە.
٤. سیستمی خۆراکی بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی شەکرە
ئامانج لەم ڕژێمە، پاراستنی جەستەیە لە تووشبوون بە شەکرەی جۆری دووەم. زیاتر گرنگی دەدات بە خواردنی ڕیشاڵەکان، قاوە، گوێز، میوەی تەواو و پاقلەمەنییەکان. لە هەمان کاتدا هۆشداریدەدات لە خواردنی چەورییە زیانبەخشەکان، گوشتی سور و خواردنەوە پرشیرینەکان.
٥. پێوەری خواردنی تەندروستی جێگرەوە
ئەم پێوەرە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی هارڤاردەوە پەرەی پێدراوە بۆ ڕێگری لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان. هانی زیاتر خواردنی میوە، سەوزە، دەنکەواڵەکان، گوێز، پاقلەمەنی و چەورییە بەسوودەکانی وەک ئۆمیگا-۳ دەدات، و داوا دەکات بەکارهێنانی خوێ، گوشتی پرۆسێسکراو، خواردنەوە شیرینەکان و کحول کەم بکرێنەوە.

