zagros news agency

عێراق لێژنەیەکی باڵای بۆ لێکۆڵینەوە لە قاچاخچێتی چەک و درۆن بۆ سوریا پێکهێنا

 

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، بە ڕێنمایی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لێژنەیەکی باڵا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و پسپۆڕان پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوون لەسەر پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی قاچاخچێتی چەک و مووشەک لە ڕێگەی سنوورەکانی عێراقەوە بەرەو ناو خاکی سوریا.
فەرماندەییەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی سوری دەکرێت بۆ زانینی سەرجەم وردەکارییەکانی ئەم پرۆسەیە و لێپرسینەوە لە کەمتەرخەمەکان، بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری سنوورە هاوبەشەکان و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک کە زیان بە ئاسایشی نیشتمانی بگەیەنێت.
پێشتر، دەستەی گشتیی دەروازە و گومرکەکانی سوریا پشتڕاستی کردەوە کە توانیویانە هەوڵێکی قاچاخچێتی بڕێکی زۆر لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و مووشەک لە ڕێگەی دەروازەی سنووری “تەنەف” پووچەڵ بکەنەوە، کە بە شێوازێکی تۆکمە لە ناو یەکێک لە تانکەرەکانی گواستنەوەی نەوتدا بەرەو شاری بانیاس حەشاردرابوون.
هاوکات، وەزارەتی ناوخۆی سوریا لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی (سانا) ڕایگەیاند، کە ڕێگری لە هاوردەکردنی ئەم بارە چەکە تایبەت و مووشەکانە کراوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە باری دەستبەسەرداگیراو بڕیار بووە بە خاکی سوریادا تێپەڕێت بۆ بەرژەوەندیی حزبوڵڵای لوبنانی.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراق زانیاریی زیاتری لەبارەی ئەم پرۆسەیە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، بارهەڵگرەکە نزیکەی 9 ڕۆژ لەمەوبەر لە ڕێگەی وشکانییەوە خاکی عێراقی بەرەو سوریا جێهێشتووە، دوای ئەوەی بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەک باری “نەوتی ڕەش” پێشکەش کردبوو. دەمی بارهەڵگرەکە بە تەواوی داخرابوو و مۆری گومرگی لێدرابوو، بەو پاساوەی نابێت پێش گەیشتن بە شوێنی مەبەست بکرێتەوە بۆ ئەوەی لەلایەن وڵاتی وەرگرەوە ڕەت نەکرێتەوە.
هەرچەندە تانکەرەکە توانی لە سنووری عێراق تێپەڕێت، بەڵام لە کاتی گەیشتنی بە لایەنی سوری و ئەنجامدانی پشکنین، دەرکەوت کە بڕێکی زۆر لە چەک، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تێدا حەشارداراوە کە بە شێوازێکی زۆر لێهاتووانە بۆ خۆدزینەوە لە چاودێری شاردرابوونەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

هه‌ولێر… هه‌زاران فه‌رمانبه‌ری دیكه‌ زه‌ویان به‌سه‌ردا دابه‌شكرا

سەڵاح

نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا دابەزی

یاسین

ڕێبەر ئەحمەد لە مێپس: یەکەم جار پێشمەرگە داعشی وەستاند

یاسین