وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ شەممە، 1-8-2026، ئامانجەکانی سەردانی فەرمیی وەزیری نەوت بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومی بۆ تورکیا ئاشکرا کرد.
ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە بریتییە لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی یەک ساڵە بۆ مسۆگەرکردن و بەردەوامبوونی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە.
سەردانەکە بە سەرۆکایەتیی باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوت ئەنجام دراوە، مەبەستیش لێی واژووکردنی ڕێککەوتنێکی کاتیی ساڵانەیە وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەن لەگەڵ تورکیا کە کەرتی وزە بە گشتی دەگرێتەوە.
ڕێککەوتنەکە سێقۆڵییە؛ لە لایەنی عێراقییەوە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سومۆ) و کۆمپانیای نەوتی باکوور بەشدارن، و لە لایەنی تورکییەوە کۆمپانیای (بوتاش) بەشدارە.
ڕێککەوتنەکە بڕی هەناردەکردنی ڕۆژانەی بە 750 هەزار بەرمیل دیاری کردووە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم بڕە پەیوەندیدارە بە باشتربوونی دۆخی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان، گەڕانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان، دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە هەرێم، و گواستنەوەی نەوت لە باشوورەوە بۆ ناوچەکانی باکوور.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم ڕێککەوتنە سەرەتایەکە بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیرتر کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی توانای هەناردەکردنە بۆ زیاتر من ملیۆنێک بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەوەش دوای تەواوبوونی پڕۆژەی هێڵی بۆریی (بەسرە – حەدیسە – کەرکووک – جەیهان).

