د. ئەلێکساندەر ئۆمینۆڤ، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری، ڕوونی دەکاتەوە کە کۆئەندامی هەرس توانای هەرسکردنی توێکڵی دەنکە گوڵەبەڕۆژەی نییە. ناوبراو هۆشداری دەدات لەوەی کە خواردنی بەردەوامی توێکڵەکەی دەبێتە هۆی خوران و هەوکردنی گەدە، یان توندترکردنی نیشانەکانی کۆڵۆنی تەنگەژەیی (Irritable Bowel Syndrome).
لە لایەکی ترەوە، زۆرجار پیسایی، تۆز و خۆڵ لەسەر توێکڵی دەنکە گوڵەبەڕۆژەکان کۆدەبنەوە؛ بۆیە خواردنیان بە پیسیی مەترسیی تووشبوون بە تێکچوونی ڕیخۆڵە و هەوکردنی بەکتریایی زیاتر دەکات. لەبەر ئەم هۆکارانە، پێویستە ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنی کۆئەندامی هەرسیاین هەیە، زۆر ئاگادار بن و دەنکە گوڵەبەڕۆژە بە توێکڵەوە نەخۆن.
ڕێنماییەکان و هەڵە باوەکان
توێکڵکردنی گوڵەبەڕۆژە: پزیشکەکە ئامۆژگاری دەکات کە پێش خواردن حەتمەن دەنکە گوڵەبەڕۆژەکان توێکڵ بکرێن.
قووتدانی بە هەڵە: هیچ نیگەرانییەک نییە لە حاڵەتی قووتدانی بڕێکی کەم لە توێکڵەکە بە هەڵە، چونکە جەستە بە شێوەیەکی سروشتی لە ڕێگەی پیساییەوە ڕزگاری دەبێت.
ڕەتکردنەوەی بڕوایەکی هەڵە: د. ئۆمینۆڤ ئەو باوەرە ناڕاستە ڕەت دەکاتەوە کە گوایە خواردنی دەنکە گوڵەبەڕۆژە بە توێکڵەوە دەبێتە هۆی هەوکردنی ڕێخۆڵە کوێرە (Appendicitis).
هۆکارە ڕاستەقینەکانی هەوکردنی ڕێخۆڵە کوێرە
هەوکردنی ڕێخۆڵە کوێرە بەهۆی گیرانی بۆریی ڕێخۆڵە کوێرەکەوە ڕوودەدات، بەڵام قووتدانی توێکڵی گوڵەبەڕۆژە بە هیچ شێوەیەک لە هۆکارە باوەکانی ئەم گیرانە نییە، چونکە قەبارەی توێکڵەکە ئاساییانە ئەوەندە گەورە نییە بۆرییەکە بگرێت.
هۆکارە سەرەکی و ڕاستەقینەکانی گیرانی ڕێخۆڵە کوێرە بریتیین لە:
کۆبوونەوەی کلووری ڕەق لە ناو ڕێخۆڵە کوێرەدا (Fecalith / Appendicolith).
پەیدابوونی گرێ و جۆرەکانی وەرەم.
گەشەی مشەخۆرەکان.
گەورەبوون و ئەستووربوونی شانە لیمفاوییەکان (بەهۆی هەوکردنی گشتیی جەستەوە).

