ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدا و چەندین پرسی گرنگی هەرێمی و نێودەوڵەتییان تاوتوێ کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لە گفتوگۆکەدا هەڵسەنگاندن بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتن کرا، هاوکات دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و جیهان خرانە بەرباس.
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا
سەرکۆمار ئەردۆغان لە پەیوەندییەکەدا جەختی لە گرنگیی بەکارهێنانی ڕێکارە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا. هیوای خواست کە دانوستانەکان بەردەوام بن و ڕایگەیاند: “تورکیا پابەندە بە بەردەوامبوون لە هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.”
هاوپەیمانییە بەرگرییەکان و سەقامگیری ناوچەیی
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەردۆغان ئاماژەی بە ڕێککەوتننامە بەرگرییە هاوبەشەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی پاکستان و سعوودیە کرد و وەک هێمایەک بۆ هەڵوێستی بەهێزی وڵاتەکەی لەپێناو دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچەکە وەسفی کردن.
دۆخی غەززە و پلانی ئاشتی
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکە تایبەت بوو بە دۆخی کەرتی غەززە. ئەردۆغان نیگەرانی خۆی لە بەردەوامی و پەرەسەندنی هێرشەکانی ئیسرائیل دەربڕی، بەتایبەت لە کاتێکدا کە هەوڵەکان بەرەو جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پلانی ئاشتی دەچن. دووپاتیشی کردەوە کە تورکیا بە هەموو شێوەیەک بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی پرۆسەی ئاشتی هەمیشەیی و هەنگاوەکانی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی غەززە.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و هەردوو وڵات هەوڵ دەدەن هەماهەنگییەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییە هاوبەشەکان زیاتر بکەن.

