zagros news agency

بە تۆمەتی جینۆساید؛ ئەنقەرە داوای لە ئینتەرپول کرد ناتانیاهۆ دەستگیربکات

 

دوێنێ هەینی تورکیا رایگەیاند کە داوای دەرکردنی “ئاگاداری سوور” (Red Notice) لە ئینتەرپول دەکات بۆ دەستگیرکردنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەوەش لە چوارچێوەی کەیسێکی تاوانکاری ناوخۆییدا کە پەیوەستە بە هێرشکردنە سەر ئەو چالاکوانانەی هەوڵیان دەدا هاوکاری مرۆیی بگەیەننە کەرتی غەززە.

پێشتریش تورکیا لەسەر جەنگی غەززە فەرمانی دەستگیرکردنی ناوخۆیی بۆ ناتانیاهۆ دەرکردبوو. ئەنقەرە چەندین جار داوای گرتنەبەری ڕێکاری نێودەوڵەتی دژی ئیسرائیل کردووە بەهۆی ئەوەی بە “پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان” ناوی دەبات، لە بەرامبەردا ئیسرائیل ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.

دوێنێ هەینی حکومەتی تورکیا رایگەیاند، کە داواکارییەکی فەرمی ئاراستەی رێکخراوی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپول) دەکات بۆ دەرکردنی “ئاگاداری سوور” بە مەبەستی دەستگیرکردنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی کەیسێکی تاوانکاری ناوخۆیی تورکیادایە کە پەیوەستە بە هێرشکردنە سەر چالاکوانانی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.

ئاکین گورلێک، وەزیری دادی تورکیا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” ئاشکرای کرد کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ناتانیاهۆ و گومانلێکراوێکی دیکە دەرکراوە. تۆمەتەکانی ئاراستەیان کراوە بریتین لە: “کۆمەڵکوژی (جینۆساید)، تاوان دژی مرۆڤایەتی و ئەشکەنجەدان”.

ئەم کەیسە لە دژی ٣٥ کەس لە بەرپرسانی ئیسرائیل کراوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی ئایاری رابردوودا، هێزەکانی ئیسرائیل تەقەیان لە دوو کەشتی “کەشتیگەلی ئازادی جیهانی” کرد کە هەوڵیان دەدا هاوکاری مرۆیی بگەیەننە غەززە. وەزیری داد وتی: “وەزارەتی داد داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە ئاگاداری سوور لە ئینتەرپول وەربگرێت تاوەکو گەڕان بەدوای ناتانیاهۆدا ببێتە نێودەوڵەتی.”

لە بەرامبەردا، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ هێرشێکی توندی کردە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و ئەم هەنگاوەی بە “هەوڵێکی مایەی بەزەیی” وەسف کرد بۆ ترساندنی سەرکردەکانی ئیسرائیل.

لە بەیاننامەکەی نووسینگەی ناتانیاهۆدا هاتووە: “ئەردۆغان دیکتاتۆرێکی دژە جووە (ئەنتی سەمیتیک)، کە کۆمەڵکوژی دژی کوردان ئەنجامداوە و پاڵپشتی لە کۆمەڵکوژییەکانی حەماس دەکات.” هەروەها جەختی کردەوە کە ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی تورکیا بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە.

ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی سەربازی لە ناوچەکە. ڕۆژی پێنجشەممە، سووریا ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە بۆردوومانکردنی بنکەی ئاسمانی “ئەبو زوھور” لە نزیک حەلەب، کە شوێنێکی ستراتیژییە و نزیکە لە سنوورەکانی تورکیا. ناتانیاهۆ بە ناڕاستەوخۆ دانی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشەدا نا.

ناتانیاهۆ هۆشداری دایە تورکیا لەبارەی هەوڵدان بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازی لە ناو خاکی سووریا و وتی: “ئیسرائیل رێگە نادات ئەردۆغان دوژمنکارییەکانی بۆ ناو خاکی سووریا فراوان بکات.” لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگری تورکیا هەبوونی هێزەکانی لەو ناوچەیەی بۆردوومان کراوە رەتکردەوە.

جێی ئاماژەیە، ئاگاداری سووری ئینتەرپول داواکارییەکە لە وڵاتانی ئەندام بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی کەسێکی داواکراو، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەسەر دەرکردنی ئاگادارییه‌كه‌ لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتی ئینتەرپولەوە دەدرێت دوای پێداچوونەوە بە لایەنە یاساییەکانیدا.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشناسی هەرێم: ئەگەری بارینی نمە باران هەیە

سەڵاح

کەشناسی: ئەگەری تاوە باران و هەورە تریشقە لە هەندێ ناوچە هەیە

سەڵاح

لە هەموو زانکۆ و پەیمانگا سێ ڕۆژ پشوو دەبێت

سەڵاح