zagros news agency

پۆلیسی گەرمیان هۆشداری دەداتە دوکانداران: بەبێ ڕەزامەندی دایک و باوک پارە بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکانی منداڵان زیاد مەکەن

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ئاگادارییەکی گرنگ و بەپەلە ئاڕاستەی سەرجەم دوکاندار و فرۆشیارانی سنوورەکە دەکات، کە کار لە بواری فرۆشتن و زیادکردنی پارە (تۆپ-ئەپ) بۆ هەژماری یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن و هۆشدارییان دەداتێ لە ئەنجامدانی هەر مامەڵەیەک لەگەڵ منداڵان بەبێ ئاگاداری کەسوکاریان.

عەقید سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند: “هەموو ئەو دوکاندار و فرۆشیارانەی لە سنووری گەرمیان کار لە بواری زیادکردنی پارە بۆ هەژماری یاری و ئەپە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن، وەک (Roblox، PUBG، PlayStation، TikTok، Minecraft، Domino) و هەر خزمەتگوزارییەکی تری هاوشێوە، ئاگادار دەکەینەوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک و بەبێ ڕەزامەندی و ئامادەبوونی دایک و باوک یان سەرپەرشتیاری منداڵەکە، پارە بۆ هەژمارەکانیان زیاد بکەن.”

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەم بڕیارە بە مەبەستی پاراستنی منداڵان و مێردمنداڵانە لە بەکارهێنانی نادروستی پارە و کەمکردنەوەی ئەو کێشە کۆمەڵایەتیانەی بەهۆی ئەم بابەتەوە دروست دەبن.

لە کۆتایی ئاگادارییەکەدا پۆلیسی گەرمیان هۆشداری دەداتە دوکانداران و دەڵێت: “هەر دوکاندارێک پابەندی ئەم بڕیارە نەبێت، لە کاتی سەلماندنی پێشێلکارییەکەدا، بەپێی یاسا مامەڵەی توندی لەگەڵدا دەکرێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.”

ئەم هەنگاوەی پۆلیسی گەرمیان دوای زیادبوونی کێشە خێزانییەکان و سکاڵای بەشێک لە دایک و باوکان دێت کە منداڵەکانیان بەبێ ئاگاداری ئەوان بڕێکی زۆر پارەیان لە
یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا خەرج کردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

نێچيرڤان بارزانى سه‌ردانى توركيا ده‌كات

دڵشاد

ڕاگەیەنراوێك لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە

دڵشاد

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینێکی کەمی تۆمارکرد

سەڵاح