zagros news agency

بانکی ناوەندیی عێراق چاپکردنی دراوی نوێ و لابردنی سفرەکان ڕەت دەکاتەوە

 

بانکی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە چاپکردنی بڕێکی نوێی دراوی عێراقی بەبێ “سفرەکان” دەکەن. بانکەکە جەختی کردەوە کە هەر پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە بۆ داهاتوو، پێویستی بە ڕێکارە یاسایی و تەکنیکییەکان هەیە.

له‌ بەیاننامەیەکدا بانکی ناوەندی ڕایگەیاند: “بانکەکەمان بەدواداچوونی بۆ ئەو هەواڵ و لێدوانانە کردووە کە لە هەندێک دەزگای ڕاگەیاندنەوە بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە چاپکردنی بڕێکی زۆر لە دراوی نوێی عێراقی کە سفرەکانی لادرابێت بە مەبەستی خستنەبازاڕی، لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم هەواڵانە هیچ بنەمایەکی فەرمییان نییە و بە هەموو شێوەیەک چاپکردنی دراوی نوێی بێ سفر ڕەت دەکەینەوە.”

بانکی ناوەندی ڕوونکردنەوەی زیاتری داوە و دەڵێت: “هەر پڕۆژەیەکی داهاتوو تایبەت بە دووبارە ڕێکخستنەوەی جۆره‌كانی دراو یان سڕینەوەی سفرەکان -لە ئەگەری بڕیاردان لەسەری- دەبێت بە چەندین قۆناغی یاسایی، ڕێکخستن و تەکنیکی جیاوازدا تێپەڕێت.”

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە ئەگەر بڕیارێکی لەو شێوەیە بدرێت، لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانی بانکی ناوەندی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێت، لەگەڵ دیاریکردنی “ماوەیەکی گواستنەوەی گونجاو” بۆ ئەوەی هاووڵاتییان و بانکەکان بتوانن بە شێوەیەکی ڕێکخراو دراوەکان بگۆڕنەوە، بە جۆرێک کە مافە داراییەکانی هەمووان پارێزراو بێت.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، بانکی ناوەندی داوای لە هاووڵاتییان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد کە تەنها پشت بە زانیارییە فەرمییەکانی بانکەکە ببەستن بۆ وەرگرتنی هەواڵەکانی تایبەت بە “سیاسەتی نەختێنەیی” و دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست، چونکە دەبێتە هۆی دروستکردنی شڵەژان و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە داراییەکانی هاووڵاتییان.

هەواڵی پەیوەندیدار

موقتەدا سەدر: پێویستە چەک تەنیا لەدەستی سوپا و هێزە ئەمنییە فەرمییەکان بێت

یاسین

پارێزگاری هەولێر و کونسڵی گشتیی چین پەرەپێدانی هاوکارییە ئابووری و کولتوورییەکان تاوتوێ دەکەن

سەڵاح

تورکیا : 15 چەکداری یەپەگە و پەکەکەمان کوشتووە

یاسین