zagros news agency

دانپێدانانێکی کەم‌وێنەی سوپای ئەمریکا: چەکمان لە بۆشاییی ئاسماندا جێگیر کردووە

 

ژمارەیەک لە پسپۆڕان هۆشداری دەدەن ئاشکرابوونی هەبوونی چەکی خولگەییی ئەمریکا ڕەنگە وڵاتانی دیکەش بەرەو خێراترکردنی پێشبڕکێی چەکداری لە بۆشاییی ئاسماندا هان بدات.

سوپای ئەمریکا بۆ یەکەم جار پشتڕاستی کردەوە چەکی لە بۆشاییی ئاسماندا جێگیر کردووە؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی پەرەپێدانی بەرنامە سەربازییەکانی چین و ڕووسیا لە خولگەی زەویدا.

ترۆی ماینک، وەزیری هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی هێزی ئاسمانی و بۆشایی لە ویلایەتی مێریلەند گوتی: «ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی بۆشاییی ئاسمان خاوەنی چەکی جێگیرکراوە لە خولگەی زەویدا و دەتوانێت لە بەرانبەر کردەوە دوژمنکارییەکاندا پارێزگاری لە هێزە هاوبەشەکان بکات.»

ماینک لە ئاشکراکردنی جۆری چەکەکە یان وردەکاریی تواناکانی خۆی پاراست و گوتی خستنەڕووی زانیاریی زیاتر دەربارەی هەنگاوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان «یارمەتیی بەدیهێنانی بازدارندەیی نادات».

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکان توانای خۆی بۆ «چالاکیی ئازادانە» لە بۆشاییی ئاسماندا مسۆگەر بکات و جەختی لەوە کردەوە بۆشاییی ئاسمان بۆ ئاسایشی سەربازی و ئابووریی ئەمریکا گۆڕەپانێکی زۆر گرنگە.

ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدایە حکوومەتی دۆناڵد ترەمپ بە خێرایی سەرقاڵی پەرەپێدانی توانستە ئاسمانییەکانی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی «گونبەدی زێڕین»ە. وەزیری هێزی ئاسمانیی ئەمریکاش گوتی لە ئێستادا «کەرەستەی ئامادەی فڕین» بۆ پێشگرتن لە مووشەکەکان لە بۆشاییی ئاسمانەوە هەیە. ئەم توانستە یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی پرۆژەی گونبەدی زێڕینە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە مووشەکە هێرشبەرەکان لە کاتی فڕینیاندا لە بۆشاییی ئاسماندا.

مانگی دەستکردی سیخوڕیی نوێی ئیسرائیل لە بۆشاییی ئاسمانەوە چاودێریی «دوژمنان» دەکات

سەرەڕای ئەوەش، پسپۆڕانی ئاسایشی بۆشاییی ئاسمان هۆشدارییان داوە ئاشکرابوونی خاوەندارێتیی ئەمریکا لە چەکێکی جێگیرکراو لە خولگەی زەویدا دەکرێت پێشبڕکێی چەکداریی ئاسمانی لە نێوان وڵاتانی دیکەدا خێراتر بکات.

کلەیتۆن سووپ، جێگری بەڕێوەبەری پرۆژەی ئاسایشی بۆشایی و فڕۆکەوانی لە نێوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان، بۆ «فاینانشاڵ تایمز» ڕوونی کردەوە ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنی بۆشاییی ئاسمان، چ لە بۆشایی و چ لەسەر زەوی ئەنجام بدرێن، دەکرێت هێرشکردنە سەر وێستگەکانی کۆنترۆڵی زەمینیی مانگە دەستکردەکان یان تێکدانی پەیوەندییەکانیان لەخۆ بگرن.

سووپ، پێشتر ئەفسەری هەواڵگریی تەکنیکی بووە لە دەزگای هەواڵگریی نێوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی)، لێدوانەکانی ماینکی بۆ دروستکردنی بازدارندەیییەکی کاریگەر لە بەرانبەر چین و ڕووسیادا بە «زۆر ناڕوون» لەقەڵەم دا و گوتی: «پێویستە ڕکابەرەکان زانیاریی زیاتریان دەربارەی هێزی وێرانکاریی ئەم چەکە و ئەو هێڵە سوورانە هەبێت کاتی بەزاندنیان ئەمریکا بڕیاری بەکارهێنانی دەدات؛ تەنانەت ئەگەر ئەم ناسینە بە شێوەیەکی گشتی یان کەمیش بێت.»

لە لایەکی دیکەوە، ڤیکتۆریا سامسۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاسایش و سەقامگیریی بۆشایی لە دامەزراوەی «سیکیور وۆڕڵد»، بە دووری نەزانی چەکی ئاماژەپێکراو سیستەمێکی تێکدەر لە بۆشاییی ئاسماندا بێت. ناوبراو هۆکاری ئەم هەڵسەنگاندنەی بۆ سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە خۆبەدوورگرتن لەو ئۆپەراسیۆنانە گەڕاندەوە پاشماوەی بۆشایی دروست دەکەن؛ ئەو ڕووداوەی زۆرجار کاتی بەکارهێنانی چەکە کینێتیکییەکان ڕوو دەدات، چونکە بە پێکدادانی ڕاستەوخۆی فیزیکی و بەهۆی خێرایی و بارستەی هاوێژراوەکەوە ئامانجەکە تێکدەشکێنن، نەک لە ڕێگەی شڵەژاندنی شەپۆلەکان (پەراوازە)، هێرشی سایبەری یان شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان.

ناوبراو زیادی کرد ئەگەر چین یان ڕووسیاش هەبوونی توانای هاوشێوە پشتڕاست بکەنەوە، ڕاگەیاندنەکەی وەزیری هێزی ئاسمانیی ئەمریکا ڕەنگە بۆ ئامانجی بازدارندەیی «ئەنجامی پێچەوانە»ی هەبێت و ببێتە هۆی زنجیرەیەکی دوولایەنەی پەرەسەندنی گرژییەکان تا لە کۆتاییدا یەکێک لە لایەنەکان ئەو چەکانە بەکار بهێنێت.

سام لایەر، توێژەر لە پەیمانگەی توێژینەوەی سیاسەتی دەرەوە، گوتیشی: «لەمەودوا دوژمنانی ویلایەتە یەکگرتووەکان یان وڵاتانی دیکە دەتوانن بۆ پاساودانی بەرنامە نوێ یان ئێستایییەکانیان بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی توانستە ئاسمانییەکان، پشت بەم ڕاگەیاندنە ببەستن و ئەم لێدوانانە دەستاوێژێکی سیاسی و پڕوپاگەندەیی دەخاتە بەردەست لایەنگرانی پەرەپێدانی بەرنامەکان یان دروستکردنی بەرنامەی نوێ لە وڵاتانی دیکەدا.»

هەواڵی پەیوەندیدار

‎پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

گوران

پرسەنامەیەک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

سەڵاح

ترەمپ هەڕەشە لە پۆتین دەکات

یاسین