لەسەر ئەرکی لقی ٣ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا پەیکەری گەورە نووسەر، لێکۆڵەر و مێژوونووسی کورد، مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی ناسراو بە «شەهیدی قەڵەم»، لە شەقامی کۆماریی شاری کەرکووک نۆژەن کرایەوە و پەردەی لەسەر لادرا.
ڕێوڕەسمەکە ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیارەکان، نووسەران، ڕۆشنبیرانی کەرکووک و بنەماڵەی شەهید بەڕێوە چوو. تێیدا تیشک خرایە سەر گرنگیی پاراستنی سیمبول و مێژووی کەڵەپیاوانی نەتەوەیی و ڕۆڵی ڕۆژبەیانی لە خزمەتکردنی فەرهەنگ و مێژووی کورددا.
کورتەیەک لە ژیانی شەهیدی قەڵەم:
مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی، لە ١ـی کانوونی دووەمی ١٩١٣ لە ناحیەی قەرەحەسەن لەدایک بووە. وەک یەکێک لە دیارترین مێژوونووس، نووسەر، وەرگێڕ و لێکۆڵەرە قووڵەکانی کوردستان دەناسرێت کە خاوەنی چەندین بەرهەم و سەرچاوەی پڕبایەخی مێژوویی و ئەدەبییە.
ڕۆژبەیانی بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەکانییەوە، ڕووبەڕووی چەوساندنەوەی دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراق بووەوە؛ لە ماوەی ژیانیدا دوو جار زیندانی کراوە و بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق دوور خراوەتەوە. سەرەنجام لە ٢٦ـی ئاداری ٢٠٠١، لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا لە بەغدا لەلایەن دەستی ڕەشی تیرۆرەوە بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کرا و بەو پێیەی تەمەنی خۆی لە پێناوی نووسین و ڕاستییە مێژووییەکاندا بەخت کرد، نازناوی «شەهیدی قەڵەم»ـی پێ بەخشرا.

