zagros news agency

سووریا… لە حمس ته‌قه‌ لە پاسێکی كارمه‌ندانی كاره‌با كرا، حه‌وت کوژراو و چوار برینداری لێکەوتەوە

لە پارێزگای حمسی ناوەڕاستی سووریا، بەهۆی دەستڕێژی گوللە لە پاسێک، بەلایەنی کەمەوە حەوت کەس کوژران و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) لە زاری سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی حمس بڵاویکردەوە، ڕووداوەکە لەسەر پردی “مەسیاف” لە پارێزگای حمس روویداوە و لە ئەنجامدا حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون، بریندارەکانیش بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

لەلایەن خۆیەوە فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی حمس ڕایگەیاند؛ چەکدارانی نەناسراو دەستڕێژی گوللەیان لە پاسێکی مەدەنی کردووە کە کارمەندانی کۆمپانیایەکی دەگواستەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم هێرشە وەک “هەوڵێک بۆ لێدان لە ئاسایشی شاری حمس و تێکدانی سەقامگیری” دەبینن، و جەختیشی کردەوە کە “ئەم تاوانە بێ سزا تێناپەڕێت” و هێزە ئەمنییەکان بەردەوام دەبن لە راوەدوونانی ئەنجامدەرانی.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، پاسەکە ئەندازیاران و کرێکارانی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتی کارەبای هەڵگرتبوو.

ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە پێشتر تەقینەوەیەک هێڵێکی گواستنەوەی گازی لە نزیک یەکێک لە وێستگە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە گوندەواری دیمەشق کردبووە ئامانج، ئەوەش دوو رۆژ دوای راگەیاندنی کرانەئامانجی هێڵێکی دیکەی گاز لە رۆژهەڵاتی سووریا کە بە “کردەوەیەکی تێکدەرانە” وەسف کرا.

شایەنی باسە لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لە چەندین ناوچەی جیاواز، بەتایبەت لە دیمەشق و دەوروبەری، رووبەڕووی ئاستەنگی گەورەی ئەمنی بوونەتەوە.

لە مانگەکانی رابردووشدا چەندین تەقینەوە و هێرشی هاوشێوە روویانداوە؛ لەوانە لە مانگی ئابدا تەقینەوەیەک پاسێکی هێزەکانی ئاسایشی لە نزیک دیمەشق کردە ئامانج و لە هەمان مانگیشدا تەقینەوەیەکی دیکە لە شاری جەرمانە ١٤ برینداری لێکەوتەوە. هەروەها لە مانگی تەممووزدا دوو تەقینەوە لە نزیک ئەو هۆتێلە ئەنجام دران کە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق تێیدا مابووەوە، کە دواتر دەسەڵاتداران ڕێکخراوی داعشیان بە بەرپرسیاری ئەو هێرشانە تۆمەتبار کرد.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمڕۆ چێژی تۆپی پێ لە لەندەن دەبێت

یاسین

پێنج كۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران بریندار کران

سەڵاح

لێدوانی جیاوازی سەرۆک‌کۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئەمریکا

یاسین