حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتنی کاروانێکی نوێی دۆلاری کاشی بۆ عێراق ڕاگەیاند، کە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکانە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی دراوی بیانی.
عەبودی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاند: “ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی ئەیلوول کاروانێکی نوێی دۆلاری کاش گەیشتە ناو خاکی عێراق.”
ئاماژەی بەوەش کرد کە: “ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنانەدایە کە هەن بە مەبەستی مسۆگەرکردنی بەردەوامیی هاتنی دراوی بیانی و پڕکردنەوەی پێداویستییەکان بەپێی سیاسەتە پەسەندکراوەکان.”
پێشتریش وتەبێژی حکومەت ئاشکرای کردبوو کە لەگەڵ لایەنی ئەمریکی گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن لەبارەی بەردەوامیی ناردنی کاروانەکانی دۆلاری کاش بۆ عێراق، بە جۆرێک کە لە خزمەت دابینکردنی پێداویستییە شەرعی و یاساییەکان بێت لە دراوی بیانی.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: “ئەم لێکتێگەیشتنانە لەژێر ڕۆشنایی ئەو پێشکەوتنەدایە کە عێراق لە بواری بەهێزکردنی سیستمی چاودێری بەسەر دابەشکردنی دۆلار، ڕێکخستنی بەکارهێنانەکانی و سنوردانان بۆ خراپ بەکارهێنانی دراوی بیانی بەدەستیهێناوە، لە پاڵ فراوانکردنی ئامرازەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی و هەنگاونان بەرەو گواستنەوەی قۆناغ بە قۆناغ بۆ ئابووریی دیجیتاڵی.”

