بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی ئوردن (پێترا)، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی ئوردن ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، کەسانی چەکداری نەناسراو لەناو کڵێسایەکدا لە پارێزگای کەرەک تەقەیان کردووە و بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە. هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەدواداچوونی ئەمنی بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە ڕووداوەکەدا دەستیان هەبووە بەردەوامە.
محەممەد مۆمەنی، وەزیری پەیوەندییە حکومییەکان و وتەبێژی فەرمیی حکومەتی ئوردن ڕایگەیاند، دەزگا ئەمنییەکان لەسەر ئاستی مەیدانی چاودێریی ڕووداوی تەقەکردنەکە لە پارێزگای کەرەک دەکەن، و جەختیشی کردەوە کە دوای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان، لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوی فەرمییەوە بڵاویان دەکەنەوە.
میدیای فەرمی: لانیکەم ٧ کەس بوونەتە قوربانی
تەلەفزیۆنی فەرمیی ئوردن بڵاویکردەوە، ڕووداوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم ٧ کەس لە کاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمێک لەناو کڵێسایەک لە گوندی «حەموود» لە پارێزگای کەرەک لە باشووری ئوردن.
هەروەها کەناڵی تەلەفزیۆنی «ئەلمەملەکە» لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، دوو چەکدار لە کاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکەدا تەقەیان لە کڵێساکە کردووە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی چەند کەسێک.
مۆمەنی داوای لە هاووڵاتییان کرد دەرفەت بدەنە دەزگا ئەمنییەکان تا ڕێکارە پێویستەکان بگرنەبەر، و داواشی کرد زانیارییەکان تەنها لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن.
لای خۆیەوە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتی هۆشداریی دا لە بڵاوکردنەوە و دەستاودەستپێکردنی هەر زانیارییەک سەبارەت بە ڕووداوی تەقەکردنەکە لە پارێزگای کەرەک، و داوای لە هەمووان کرد تەنها پابەندی ئەو ڕاگەیەندراوە فەرمییانە بن کە لە کاتی خۆیدا بڵاودەکرێنەوە.

