zagros news agency

یەکێتیی نێودەوڵەتیی پاراستنی سروشت هۆشداری لە لەناوچوونی ریفە مەرجانییەکان دەدات

 

یەکێتیی نێودەوڵەتیی پاراستنی سروشت لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری دەدات، تا ساڵی 2075 نزیکەی 96%ـی سیستەمە ژینگەیییەکانی ریفە مەرجانییە رەقەکان لە سەرانسەری جیهاندا بەتەواوی لەناو دەچن.

 

ئەم یەکێتییە لە شیکارێکدا، کە 127 ناوچەی خولگەیی و نیمچە خولگەیی بە رووبەری زیاتر لە 188 هەزار کیلۆمەتر دووجا دەگرێتەوە، روونیکردەوە، ریفی مەرجانیی مەزنی ئوسترالیا، سێگۆشەی مەرجانی لە ناوچەی هەردوو زەریای هیندی و هێمن، ریفی مەرجانیی ئەمریکای ناوەڕاست و ریفە مەرجانییەکانی دەریای سوور، زیاتر لە هەر ناوچەیەکی دیکە لەژێر مەترسیدان.

 

رێکخراوەکە ئاشکرایکرد، گەرمبوونی زەوی هۆکاری سەرەکیی لەدەستدانی هەمەجۆریی زیندەییی دەریایییە، چونکە ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی مردنی بەکۆمەڵی زیندەوەران.

 

بەپێی مەزەندەکانی یەکێتیی نێودەوڵەتیی پاراستنی سروشت، تەنیا لە رێگەی کەمکردنەوەی دەرچوونی گازەکانی گەرمخانەیی، رووبەڕووبوونەوەی پیسبوونی ئاو و سنووردارکردنی راوکردنی جۆرە دیاریکراوەکانی ماسی، رێگری لەو کارەساتە دەکرێت.

 

بەشێکی زۆری مەترسییەکان پەیوەستن بەو گۆڕانکارییانەی چاوەڕوان دەکرێن و هێشتا کاریگەرییەکانیان بەتەواوی دەرنەکەوتووە. ریفە مەرجانییەکان پێشتر توانای خۆیان بۆ چاکبوونەوە دوای حاڵەتی سپیبوونەوەی توند سەلماندووە و رەنگە هەندێک لە بەهێزترین کۆمەڵە مەرجانییەکان بتوانن لەو مەترسییە رزگاریان بێت. لەم سۆنگەیەوە پێویستە رێوشوێنەکانی پاراستنی سروشت و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا چڕ بکرێنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەت

یاسین

سزای 6 ساڵ زیندانی بەسەر بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبای فوراتی ناوەڕاست دا سەپێندرا

سەڵاح

یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان: بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ئەرکێکی ئاینی و نەتەوەییە

یاسین