وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن، جەختی کردەوە کە سەردانی عەلی زەیدی بۆ ئێران هەوڵێکە بۆ نزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان تاران و واشنتن.
فوئاد حوسێن لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئاشتیی پاریس لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ڕایگەیاند کە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان فەڕەنسا و عێراق بەهێزن.
ڕوونی کردەوە کە ئەو تەوەرەی لە پانێڵی گفتوگۆکەدا خستراوەتە ڕوو پەیوەندیدار بووە بە گەرووی هورمز و گۆڕانکاری و کاریگەرییەکانی لەسەر سەرچاوەکانی ووزە و کانزاکان، هەروەها ئاماژەی بە بەشداریکردن لە لوتکەیەکی جیهانیدا کرد لە دوای نیوەڕۆی هەمان ڕۆژدا.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە دا کە سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ تاران هەوڵێک بوو بۆ نزیککردنەوەی تێڕوانینەکانی نێوان لایەنی ئێرانی و ئەمریکی، و جەختی کردەوە کە عێراق داواکاری ئاشتی و هێورکردنەوەیە نەک شەڕ.
باسی لەوە کرد کە عێراق بەرژەوەندیی تایبەتی لەم بابەتەدا هەیە، چونکە داخرانی گەرووی هورمز کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق دروست کردووە، سەربارەت لە بوونی قوربانیانی شەڕ و فراوانبوونی مەوداکەی کە لە ڕاستیدا مەترسیدار بووە و عێراق و وڵاتانی کەنداویشی گرتووەتەوە.
باسی لەوەش کرد کە بەردەوامیی ئەم دۆخە کاریگەریی خراپی لەسەر نرخەکانی وزە لە جیهاندا دەبێت، لەوانەش نەوت و کانزاکان.
فوئاد حوسێن جەختی کردەوە کە سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن، چونکە عێراق پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ ئێرانی دراوسێ و پەیوەندیی نایابی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشدا هەیە، بۆیە دەتوانێت ئەم ڕۆڵە ببینێت.

