نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ فەرمانی دا بە دووبارە بڵاوەپێکردنی یەکەکانی سوپا، پۆلیس و حەشدی شەعبی لە جورف ئەلسەخر، هاوکات سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، فالح ئەلفەیاز، پێشنیارێکی پێشکەش کرد بۆ گرتنەدەستی کەرتی جورف ئەلسەخر لەلایەن پێکهاتەکانی حەشد و دابینکردنی ئاسایشی بۆریی نەوت لە کەرتەکەدا لەلایەن پۆلیسی وزەوە.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە لەلایەن بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتی، فەریق ڕوکن عەبدولئەمیر ئەلشەممەری دەرچووە، لەسەر بنەمای نووسراوە فەرمییەکان، ڕەزامەندیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان وەرگیراوە لەسەر پلانی بڵاوبوونەوە و دابەشکردنی کەرتە ئەمنییەکان لە جورف ئەلسەخر بەم شێوەیەی خوارەوە:
1. وەزارەتی بەرگری: لیوای ٣٨ لە فیرقەی ١٠ ئەرکی گرتنەدەستی ئەو کەرتە دەگرێتە ئەستۆ کە لە سەنگەری (یا حوسێن)ـەوە تاوەکو دووڕیانی فازڵییە درێژ دەبێتەوە، تا دەگاتە سنووری جیاکەرەوە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار.
2. وەزارەتی ناوخۆ: لیوای ١٧ لە پۆلیسی فیدراڵی ئەرکی گرتنەدەستی سەنتەری ناحیەی جورف ئەلسەخر دەگرێتە ئەستۆ، لە ڕووباری فوراتەوە لە ڕۆژهەڵات تاوەکو ڕێگای (موسەیەب – فازڵییە) لە ڕۆژئاوا.
3. دەستەی حەشدی شەعبی: هەردوو لیوای ٧٢ و ٧٩ ئەرکی گرتنەدەستی ئەو کەرتە دەگرنە ئەستۆ کە لە ڕێگای (موسەیەب – فازڵییە) لە ڕۆژهەڵاتەوە تاوەکو سنووری جیاکەرەوە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلای پیرۆز درێژ دەبێتەوە.
4. پۆلیسی وزە: ڕاسپاردنی فەوجێکی پۆلیسی وزە بە ئەرکی دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت لە کەرتەکەدا.
5. بازگە ئەمنییەکان: کردنەوەی بازگەیەکی سەر بە پۆلیسی بابل لە دووڕیانی فازڵییە بە ئاراستەی قەزای موسەیەب، و بازگەیەکی تری سەر بە پۆلیسی ئەنبار بە ئاراستەی قەزای عامرییەی فەللوجە.
6. کردنەوەی ڕێگاکان: دەستبەجێ کردنەوەی ڕێگای (موسەیەب – بەهبەهانی – دووڕیانی فازڵییە – عامرییەی فەللوجە) بە ڕووی هاتوچۆدا.
7. هێزی یەدەگ: فەوجی دژەتیرۆر کە لە سەربازگەی حامییە جێگیرە، وەک هێزی یەدەگی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە کەرتەکەدا دەبێت بۆ چارەسەرکردنی هەر حاڵەتێکی لەناکاو.
لە لای خۆیەوە، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، فالح ئەلفەیاز، ئەمڕۆ پێشنیارێکی پێشکەش کرد بۆ گرتنەدەستی کەرتی جورف ئەلسەخر لەلایەن پێکهاتەکانی حەشدەوە.
ئەلفەیاز لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە، ڕایگەیاندووە کە بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکان پێشنیار دەکەن کەرتی جورف ئەلسەخر لەلایەن پێکهاتەکانی دەستەکەیانەوە (لیوای ٧٢ – لیوای ٧٩ – فەوجی هێزە تایبەتەکان / ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی) بگیرێتە دەست و دابینکردنی ئاسایشی بۆریی نەوتیش لەو کەرتەدا بە پۆلیسی وزە بسپێردرێت.

