ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، نزیکەی ١٨٧ ملیۆن کەس لە سەرانسەری ناوچەی ئەورووپا بەهۆی نایەکسانییە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکانەوە لە دۆخێکی ناتەندروستدا دەژین. ئەم نایەکسانییانە ژیانی نزیکەی ٣٥ ملیۆن منداڵ و هەرزەکاری خستووەتە مەترسییەوە و ڕێگری لە گەشەکردنیان دەکات.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) ڕۆژی سێشەممە هۆشداریدا کە نایەکسانییە تەندروستییەکان لە ناوچەی ئەورووپا، کە ٥٣ وڵات لە ئەورووپا و ئاسیای نێوەندی دەگرێتەوە، ژیانی نزیکەی ٣٥ ملیۆن منداڵ و هەرزەکاری خستووەتە مەترسییەوە. ئەم ڕێکخراوە جیهانییە ڕایگەیاند، نزیکەی ١٨٧ ملیۆن کەس، واتە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی ناوچەکە، بەهۆی نایەکسانییە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکانەوە لە دۆخێکی ناتەندروستدا دەژین.
کۆرین کاپوانۆ، بەرپرسی کاتیی نووسینگەی ئەورووپای ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: “لە سەرانسەری ناوچەکەماندا، خەڵک تەمەنێکی درێژتر و تەندروستتریان هەیە، بەڵام ئەم پێشکەوتنە بە هەمووان ناگات.” ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەدا کە منداڵان یەکێکن لەو گرووپانەی بە شێوەیەکی تایبەت لە نایەکسانییە تەندروستییەکان زیانیان پێدەگات. منداڵانی خێزانە هەژارەکان دوو هێندە زیاتر لە منداڵانی خێزانە دەوڵەمەندەکان ئەگەری مردنیان هەیە پێش تەمەنی پێنج ساڵی و شەش هێندە زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە کە ڕووبەڕووی بێبەشبوونی توند لە بواری نیشتەجێبوون ببنەوە.
ڕاپۆرتەکە چەند گرووپێکی وەک گرووپی بەتایبەت لاواز دەستنیشان کردووە، لەوانە منداڵانی ڕۆم، منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، کچانی هەرزەکار و منداڵانی خێزانەکان کە ئاستی خوێندنیان نزمترە یان لە گەڕەکە هەژارەکاندا دەژین. لە ٩١٪ی وڵاتاندا، کچانی خێزانە کەمدەرامەتەکان لە ڕووی تەندروستییەوە لە دۆخێکی خراپتردا بوون؛ ئەم ژمارەیە بۆ کوڕان ٩٦٪ بوو. بە گشتی، نزیکەی لە هەموو وڵاتاندا، کچان ڕاپۆرت دەکەن کە دۆخی تەندروستییان لە کوڕان خراپترە.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریدا کە نایەکسانییە تەندروستییەکان لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکاریدا ڕەگ دادەکوتن و زۆر پێش گەورەبوون، گەشە، دەستکەوتە پەروەردەییەکان و دەرفەتەکانی داهاتووی تاکەکان شێوە دەدەن. ئەم ڕێکخراوە گوتی کە هەزار ڕۆژی یەکەمی ژیان گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ ڕێگریکردن لەوەی ئەم نایەکسانییانە ببنە بێبەشبوونی درێژخایەن. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەدا کە وەبەرهێنانی زوو لە پشتیوانیی خێزان، خۆراک، نیشتەجێبوون و پەروەردە لە ساڵانی سەرەتاییدا دەتوانێت تا هەشت هێندە گەڕانەوەی وەبەرهێنان لە ماوەی ژیانی منداڵێکدا بەدوای خۆیدا بهێنێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە گرنگترین هۆکارەکانی نایەکسانی لە تەندروستیدا، تێچووی ژیانی ناپزیشکی و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە؛ لەوانە کرێی کەم، نائەمنی خۆراک، خانەنشینیی ناتەواو، بارودۆخی نالەباری کار و نیشتەجێبوونی نائارام. لە تەمەنی منداڵیدا ئەم نایەکسانییانە بە پلەی یەکەم بەهۆی هەژاریی منداڵان، بەربەستەکانی بەردەم فێربوون و پەروەردە لە ساڵانی سەرەتاییدا، بارودۆخی نالەباری کۆمەڵایەتی وەک چەوساندنەوە لە قوتابخانە، هەروەها دەستڕاگەیشتنی نایەکسان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانەوەیە.
ناتاشا ئازوپاردی-موسکات، بەڕێوەبەری سیستەمەکانی تەندروستی لە نووسینگەی ئەورووپای ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە لێدوانێکی نووسراودا بۆ یورۆنیوز گوتی: “ئەگەر وڵاتان بە ڕاستی بەدوای پڕکردنەوەی کەلێنی تەندروستیدا بن، سێ هەنگاو دەبێت هەر ئێستا بگیرێتەبەر.” ئەم هەنگاوانە بریتین لە دڵنیابوون لەوەی کە کەسانی کەمدەرامەت لە کاتی پێویستدا دەستیان بە خزمەتگوزاریی تەندروستیی گونجاو ڕابگات، پێش هەر کەمکردنەوەیەکی بودجە، کاریگەرییەکەی لەسەر تەندروستیی گرووپە لاوازەکان هەڵسەنگێندرێت و سوودە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ ڕێگای ڕوون بەرەو دامەزراندن، پەروەردە و نیشتەجێبوونی گونجاو دابین بکرێت. ڕاسپاردەکانی ڕاپۆرتەکە هەروەها ئەوە دەگرێتەوە کە هەردوو دایک و باوک دەستیان بە مۆڵەتی دایکایەتی/باوکایەتیی گونجاو ڕابگات، ژەمە خۆراکی و نانی بەیانیی قوتابخانە بە خۆڕایی یان بە یارمەتی دابین بکرێت و پرۆگرامەکانی دژە چەوساندنەوە لەسەر بنەمای بەڵگە لە ئاستی هەموو قوتابخانەدا جێبەجێ بکرێت.

