ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ڕاگەیاندراوێک لە گوتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، دواى ڕاگەیاندنى وادەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن بەرێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پارتیمان دەستدەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان.

ئەمەش دەقی راگەیەنراوەکەیە:

جەماوەرى خۆشەویستى کوردستان

لە ساڵى ٢٠٢٢ پارتیمان زۆر هەوڵى دا کە پێش تەواوبوونى وادەى یاسایى پەرلەمانى کوردستان ڕێکارەکانى پێویست بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دەست پێبکرێت، بەڵام بەداخەوە زۆر ئاستەنگ دروستکران، کە ئەو ئاستەنگانە بە زیانى پرۆسەى سیاسى و یاسایى بۆ هەرێمى کوردستان شکانەوە و رەنگدانەوەى خراپیان بەرامبەر دەسەڵات و مافەکانى هەرێمى کوردستان بەدواى خۆدا هێنا. لە دواى ئەوەش هەوڵماندا ئەو پێشنیارانەى هەبوون، بۆ پەرلەمانى هەڵبژێردراو جێبێڵین بۆ چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکى یاسایى کە ئەمەش ڕێگرى لێکرا.

 بۆیە لە ١٨/٣/٢٠٢٤ پارتیمان هەڵوێستى خۆى بۆ جەماوەرى تێکۆشەرى کوردستان ڕاگەیاند لەگەڵ دیاریکردن و ئاماژەدان بەو کەموکوڕى و نا دادپەروەریانەى کە هەبوون چ لە مافى پێکهاتەکان هەتا کێشەى پەنجەمۆر و هەوڵى بێبەشکردنى سەدان هەزار کەس لە دەنگدان. ئەمانە و چەندین بابەتى دیکەى پەیوەندار بە رێکارەکانى پرۆسەى هەڵبژاردنەوە، کە دواى ئەم هەڵوێستەى پارتیمان بەشێک لەو تێبینى و کەموکوڕیانە چارەسەرکران و بەشێکیشیان لە چارەسەرکردن دان، هەرچەندە هەموو چارەسەریەکان لەسەدا سەد نەبوون بەڵام بەشێک لە مافەکان بۆ پێکهاتەکانى کوردستان گەڕایەوە و، بابەتەکانى دیکەش بەشێکی باشیان چارەسەرکراون، بۆیە دواى ڕاگەیاندنى وادەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن بەرێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پارتیمان دەستدەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان. هیوادارین هەڵبژاردنێکى دیموکراسیانە و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت کە ئاکامەکەى لە بەرژەوەندیى خەڵکى کوردستان دابێت.

 

                                                                                                                                                  مەحمود محەمەد

گوتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان

٢٦/ ٦/ ٢٠٢٤

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا سزایان بەسەر دوو قەوارە و دوو گرووپی توندڕەوی ئیسرائیلیدا سەپاند

یاسین

په‌یامێك له‌ پارێزگاری هه‌ولێره‌وه‌ به‌بۆنه‌ی كۆتایی ساڵه‌وه‌

سەڵاح

کارمەندێکی مۆساد چەند نهێنییەک دەربارەی تەقاندنەوەی پەیجەرەکان ئاشکرا دەکات

سەڵاح