ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئەمەریکا: تاكو ئێستا 3.6 ملیار دۆلار هاوکاریمان پێشکەش بە ئاوارەکان لە عێراق کردووە

دوێنێ سێشەممە، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە مەراسیمێکی تایبەت بە ڕێکخستنی کاروباری پەنابەران لە هەرێمی کوردستان وتارێکی پیشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە دەکات.

ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لەو مەراسیمەدا کە بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوەچوو، گوتیشی ” ئەمەریکا ریز لە مافەکانی مرۆڤ و لە شکۆمەندیی پەنابەران و ئاوارەکان لە هەموو جیهان دەگریت و هەر بۆیەش لە ساڵی 2003وە، حکومەتی ئەمەریکا زیاتر لە یەک ملیار دۆلار هاوکاریی پەنابەرانی نیشتەجێی عێراقی کردووە.”

باڵیۆزی ئەمەریکا گوتی سەرەڕای ئەوەی کە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری زۆر بووینەتەوە، بەڵام توانیومانە بە هاوکاری لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، هاوکارییەکان بگەیەنینە دەستی پەنابەر و ئاوارەکان و یارمەتیدان بدەین بۆ ئەوەی بگەڕینەوە بۆ شوێنی خۆیان و گوتیشی لە 2014وە دوای هێرشی داعش، زیاتر لە 3.6 ملیار دۆلار هاوکاری ئاوارەکانمان کردووە.

ڕۆمانۆوسکی لە بەشیکی دیکەی قسەکانیدا گوتی ئەمەریکا پشتیوانی لە کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ یارمەتیدانی پەنابەران و گوتیشی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم هاوکاربن لە هاوکارییەکان بۆ پاراستنی ژیان و گیانی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە کە هێشتا ژیانیان لە مەترسیدایە.

ئەو لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی “هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکان لە دۆخێکدان ناتوانن بەهۆی کێشەی ئاسایشی و مەترسییەکانی سەر ژیانیان بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان، هەربۆیە داوا لە حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەکەم ئاوارەکان بە شکۆمەندییەوە بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان و نابێت فشار بخرێتە سەریان بۆ ئەوەی لە کەمپەکان بمێننەوە یان فشاریان لێ بکرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان، بەڵکو دەبێت گەڕانەوەیان لەسەر خواستی خۆیان بێت، بە بێ هیچ فشارێک.”

 

هەواڵی پەیوەندیدار

گوتەبێژی کۆشکی سپی: ئێران خەریکە خۆی بۆ هێرش‌کردن بۆسەر ئیسرائیل ئاماده دەکات

یاسین

پزیشکیان ناوی وەزیرانی کابینە‌ی نوێی ڕادەستی مەجلیس کرد

سەڵاح

عێراق له رێزبەندی 168ـه‌مین وڵاته‌ بۆ سه‌قامگیریی ئافره‌تان

دڵشاد