ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

حكوومەتی عێراق هەڵوێستی فەرمیی لەبارەی كوشتنی ئیسماعیل هەنیە راگەیاند

 

حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق هەڵوێستی فەرمی لەبارەی كوشتنی سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس راگەیاند و سەركۆنەی كرد.

بەپێی راگەیاندراوێك كە ڕۆژنامەی (الصباح)ی فەرمیی عێراقی بڵاوی كردۆتەوە، حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق سەركۆنەی تیرۆركردنی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی كردووە لە تارانی پایتەختی ئێران لە ئەنجامی ”بۆردومانێكی زاڵمانە“ كە شوێنی مانەوەی كردۆتە ئامانج.

هەروەك جەختیشی كردۆتەوە كە ”ئەم كردەوە دوژمنكارانەیە پێشێلكارییەكی زەقی یاسای نێودەوڵەتی و هەڕەشەیە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە.“

هەر لەو راگەیاندراوەدا حكوومەتی فیدڕاڵی هاوخەمیی تەواوی خۆی لەگەڵ گەل و سەركردایەتیی فەڵەستینی راگەیاندووە و داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە، بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و ڕێوشوێنی پێویست بۆ ”راگرتنی دەستدرێژییە دووبارەبووەوەكان و پێشێلكردنی سەروەریی وڵاتان“ بگرێتە بەرد.

حكوومەتی فیدڕاڵی دەشڵێت ”پابەندین بە پاڵپشتیكردنی دۆزی فەڵەستین و مافە رەواكانی گەلی فەڵەستین، لە نێویشیاندا مافی چارەی خۆنووسین و دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ كە پایتەختەكەی قودس بێت.“

ئەمە لە كاتێكدایە كە كاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١ی تەمووزی ٢٠٢٤، ئیسماعیل هەنیە لەگەڵ پاسەوانێكی، لە شوێنی مانەوەی خۆی لە تارانی پایتەختی ئێران مووشەكباران كرا و بەهۆیەوە گیانیان لەدەست دا.

هەواڵی پەیوەندیدار

تەقینەوەی مین لە دێرەزۆر حه‌وت کوژراو چوار برینداری لێکەوتەوە

سەڵاح

تورکیا دوای 13 ساڵ تورکیا لە کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەب بەشدار دەبێت

سەڵاح

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینێکى دیکەى تۆمار کرد

سەڵاح