پاش زیادبوونی بارگرژی لە ئەنجامی كوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران و فوئاد شكر، فەرماندەی سەربازیی حزبوڵای لوبنان لە بەیرووت و محەمەد زێف، بەرپرسی باڵی سەربازیی حەماس لە كەرتی غەززە، ئەمریكا بڕیاری زیادكردنی ژمارەی كەشتییە جەنگییەكانی لە ناوچەكە دەركرد.
لەمبارەیەوە كەناڵی (سكای نیوز) لە رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ەوە بڵاوی كردەوە، كەشتییە جەنگییەكانی ئەمریكا لە تێكشكێنەرەكانن و لە ناوچەكانی كەنداوی عەرەبی و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بڵاوەیان پێ دەكرێت، لەنێویشیاندا كەشتیی فڕۆكەهەڵگری (یو ئێس ئێس تیۆدۆر رۆزفڵت) و تیمی هێرشیی (ئاوی و وشكانی) و زیاتر لە چوار هەزار سەربازی پیادەی دەریایی و كەشتیوانی هەن.
هەر بەپێی هەمان ڕاپۆرت، ئەمریكا سەرلەنوێ ژمارەیەك كەشتیی جەنگیی خۆی لە ئاوەكانی دەریای سوور (كە ئەوانیش تایبەتن بە هێرشكردنە سەر حوسییەكانی یەمەن) گەڕاندۆتەوە بۆ كەنداوی عەرەبی و دەریای ناوەڕاست، ئەمەش لەژێر ڕۆشنایی ئەو بارگرژییەی كە ناوچەكەی گرتۆتەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە ٣١ی تەمووزی ٢٠٢٤، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران بە مووشەكێك كوژرا، پاشانیش ئێران هەڕەشەی ئەوەی كرد كە تۆڵەی كوشتنی هەنییە دەكاتەوە.
هەواڵی پێشوو