لوید ئۆستن، وەزیرى بەرگریی ئەمەریکا، فەرمانی کردووە بە ناردنى مووشەکى ژێردەریایی و داواشى کردووە، پەلە بکرێت بۆ ناردنى کەشتیى فڕۆکەهەڵگرى جۆرى (ئەبراهام لینکۆلن) بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وەزارەتى بەرگریى ئەمەریکا (پنتاگۆن)، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كردووە، لوید ئۆستن، وەزیرى بەرگریی ئەمەریکا، لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ یۆواڤ گالانت، هاوتا ئیسرائیلییەکەى، دوپاتى کردووەتەوە، کە هەموو هەنگاوێک بۆ پاراستن و بەرگریی لە ئیسرائیل دەگرنەبەر.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی (شەرق ئەلئەوسەت)، پات ڕایدەر، گوتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاندووە، ئۆستن فەرمانی بە كەشتییەكانی (یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن) و لەنێویاندا فڕۆکە جەنگییەکانی (ئێف 35 سی) داوە، خێراتر جووڵە بکەن، ئەمەش لە بەرامبەر هەڕەشەی هێرشی بەرفراوانی ئێران و حزبوڵا بۆ سەر ئیسرائیل.
واشنتۆن هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، بە جێگیرکردنی کەشتیی جەنگی و شەڕکەری زیاتر، ئامادەیی سەربازیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر دەکات.
بڕیارە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن پەیوەندیی بە کەشتییەکی دیکەی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکییەوە بکات، كە لە ناوچەکەدایە و ناوی (USS Theodore Roosevelt)ە.