ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

رووسیا: ئۆکرانیا چەکی ڕۆژئاوایی بۆ وێرانکردنی پردی کورسک بەکارهێناوە

 

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی ئۆکرانیا موشەکی ڕۆژئاوایی بەکارهێناوە بۆ لە ناوبردنی پردێکی سەر ڕووباری سییەم لە هەرێمی کورسک، وتیشی هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی ئەو خۆبەخشانەی کە هەوڵی گواستنەوەی هاووڵاتیانی سڤیلییان داوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا وتی ” بۆ یەکەمین جار هەرێمی کورسک بە ڕۆکێتێکی دروستکراوی ڕۆژئاوا لێیدرا، ڕەنگە هیمارسی ئەمەریکایی بووبێت.”

وتیشی ” بەهۆی هێرشەکەوە پردەکەی سەر ڕووباری سییەم لە ناوچەی گلوشکۆڤۆ بە تەواوەتی ڕووخاوە، ئەو خۆبەخشانەشی کە یارمەتی گواستنەوەی هاووڵاتیانی سڤیلییان داوە کوژراون.”

هیچ هەواڵێک نیە لەسەر ئەوەی چەند خۆبەخش کوژراون.

سەرکردەی سوپای ئۆکرانیا ئۆلیکساندەر سیرسکی وتی ڕۆژی هەینی هێزەکانی ئۆکرانیا 1 بۆ 3 کم لە هەندێک لە ناوچەکانی هەرێمی کورسکی ڕووسیادا پێشڕەوییان کردووە، ئەوەش دوای یانزە ڕۆژ لە دەستپێکردنی لەشکرکێشییەکەی ئۆکرانیا بۆ ناو خاکی ڕۆژئاوای ڕووسیا.

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسیا لە زاری وەزارەتی بەرگری ڕووسیاوە بڵاویکردەوە ڕۆژی شەممە هێزەکانی ڕووسیا بەرپەرچی چەندین هێرشی ئۆکرانیایان داوەتەوە لە هەرێمی کورسک، بەڵام باسی لەوە نەکرد کە ئایا هیچ ناوچەیەکییان گرتووەتەوە یان نا.

وتی هێزەکانی ئۆکرانیا سەرکەوتوو نەبوون لە هەوڵەکەیان بۆ پێشڕەویکردن بەرەو گوندەکانی کاوچوک و ئالێکسیڤیسکی، کە دەکەونە نیوەی ڕێگاکەی نێوان سنووری ئۆکرانیا و وێستگەی ئەتۆمی کورسک.

لە بەیاننامەیەکی جیادا وەزارەتەکە ئۆکرانیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر وێستگەکە.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو بانگەشەیە پشتڕاست بکاتەوە.

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبوویەوە

یاسین

به‌وێنه‌… له‌ زاخۆ فێستیڤاڵی شال و شه‌پك و جلوبه‌رگی كوردی به‌ڕێوه‌ چوو

سەڵاح

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح