ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئێران کردنەوەی ژووری هاوبەشی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە پێویست دەزانێت

ئەندامێکی نوێی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق دەڵێت، بەهۆی جیاوازیی یاسا و ڕێساکان و تەعرەفەی گومرکیی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، دەیانەوێت ژووری بازرگانیی هاوبەش لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان پێک بێنن.
محەمەد هۆلاکۆیی ئەندامی نوێی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق هاوکات جێگری بەڕێوەبەری ژووری بازرگانیی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشە، دەڵێت، یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی دەستەی نوێی بەڕێوەبەرایەتیی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق پێکهێنانی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و هەرێمی کوردستان دەبێت.
محەمەد هۆلاکۆیی دەڵێت، کارەکانی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا لاواز بووە و لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان بازاڕێکی زۆر گونجاوی هەیە و ٢٥ بۆ ٣٠٪ی هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستانە، پێویستە گرنگییەکی تایبەت بەم هەرێمە بدرێت.
هۆلاکۆیی ئاماژەی بە ناکۆکییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت، بەهۆی ئەوەی یاسا و ڕێسا بازرگانییەکان و تەعرەفەی گومرکیی عێراق و هەرێمی کوردستان جیاوازییان هەیە، پێکهێنانی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و هەرێمی کوردستان کارئاسانییەکی زۆر بۆ پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو لا دەکات.
هۆلاکۆیی ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ گواستنەوەی ڕاستەوخۆی کاڵای ئێرانی لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلی ئێرانییەوە بۆ نیو هەرێمی کوردستان کار لەسەر پێکهێنانی کۆمپانیایەکی هاوبەشی گواستنەوەی کاڵا لە نێوان هەردوولا دەکەن.
ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق دەشڵێت، چەندین ساڵە کاڵای تورکی، ڕاستەوخۆ دەچێتە نێو هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام تا ئێستا دەرفەتی وا بۆ گواستنەوەی کاڵای ئێرانی نەڕەخساوە و ئەمەش کاتێکی زیاتری بۆ هەناردەکردنی کاڵای ئێرانی دەوێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

روونکردنەوە لەبارەی ڕێگەپێدراو و نەبوونی كێشە لە بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەی (هەژماری من) دەدرێ‌

سەڵاح

هێرشکرایە سەر پاڵاوگەکانی نەوت لە حەیفا

سەڵاح

حکومەتی هەرێم هەشت پرۆژەی جیاواز لە قەزای ئاکرێ جێبەجێ دەکات

سەڵاح