ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی هاوپەیمانی عهزم، موسهنا سەمەڕائی و سهرۆكى هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نووری مالیکی ڕێککەوتن لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێك بۆ پەرلەمان.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی مالیکی، ئهمڕۆ (یهكهشهممه 22ى ئهیلوولى 2024) لە بەیاننامەیەکدا ،ڕایگەیاندووە، “سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ئۆفیسەکەی خۆی پێشوازی لە سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم، موسەنا سەمەڕائی کرد”.
ئاماژە بەوەشکراوه، “لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەو تەحەددایانەی وڵات پێیدا تێدەپەڕێت و ڕێگاکانی تێپەڕاندنیان كرا، هەروەها پێویستی بەردەوامبوونی گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرزکردنەوەی سەقامگیری به گرنگ دانرا”.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، “هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێك بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران به مهبهستى بەهێزکردنی ڕۆڵی یاسادانان و چاودێریکردن لهپێناو خزمەتكردن بە بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگا”.
پێشتر ئەنجوومەنی نوێنەران دانیشتنێکی نائاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجامدا و خولی یەکەمی دەنگدان بە سەرکەوتنی كاندیدی حزبی “تەقەدوم”، شەعلان کەریم، بە 152 دەنگ لە کۆی 314 دەنگ کۆتایی پێهات. لە دوای ئەو پەرلەمانتار سالم عیساوی بە 97 دەنگ و پەرلەمانتار مەحمود مەشهەدانی بە 48 دەنگ و پەرلەمانتار عامر عەبدولجەبار بە 6 دەنگ و پەرلەمانتار تەلال زوبەی بە یەک دەنگ. لهو دانیشتنەکە دهماقاڵ و گرژییهكان بوون بههۆى ئهوهى سەرۆکایەتی ئەنجومەن دانیشتنەکە دوابخات.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرکەوتوو نەبوو لە هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ شوێنگرەوەی محەمەد حەلبووسی کە بە بڕیاری دادوەری و بهتاوانى ئهنجامدانى ساختهكاری لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی حەلبوسی، هێزە سیاسییەکانی عێراق لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان تووشی ناکۆکی بوون، بهڵام بهم ڕێككهوتنهى نێوان سامهڕائی و مالیكی، كاندیدی حهلبووسى و حزبهكهى له سهرۆكایهتی پهرلهمان، دوور دهخرێنهوه.