ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ کۆدەبێتەوە

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 9/25 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ کۆبووەوە.

سەرۆکی حکومەت وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە ، ئاماژەی بە گرنگی سەردانەکە کرد و هیوای خواست، ببێتە هۆی زیاتر ڕوونکردنەوەی پرس و بابەتە پەیوەندیدارەکانی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان.

سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان، پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و داوای پاراستنی مافەکانی دەکات وەک لە دەستووردا هاتووە و پێویستە ماددەکانی دەستوور، هەمووی وەکوو خۆی و وەک یەک پاکێج جێبەجێ بکرێت.

سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، کە ئەگەر نیازپاکی و ڕێزلەیەکترگرتن و لەبەرچاوگرتنی سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان هەبێت ، کێشەکان بە ئاسانی چارەسەر دەبن. گوتیشی ئێمە دەمانەوێت باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هەبێت و پێویستە هەموومان کار لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییانمان بکەین.

سەرۆکی حکومەت هەروەها جەختی کردەوە کە نابێت مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی و فشار بەکاربهێنرێت، بۆیە پێوستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق ، ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ ئاستەنگ و گرفتێک بدرێت و هەروەها لە دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێ ، پێویستە هەرێمی کوردستانیش ، وەک هەموو بەشەکانی دیکەی عێراق ، بە پێی یاسای بودجەی فیدراڵ، مافی دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێی هەبێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی وەستاندنی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە نۆزدە ملیار دۆلار زیان بە هەرێمی کوردستان و بودجەی گشتیی فیدراڵ کەوتووە، بۆیە پێویستە لە زووترین کاتدا ، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە و لە هەمانکاتدا، کار لە سەر دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە نەوت و گازی فیدراڵ بکرێت.

عەتوان عەتوانی سەرۆکی لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، بەناوی شاندەکەوە ، سوپاسی پێشوازی گەرم و هەماهەنگی باشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و جەختی کردەوە کە ئامانج لە هاتنی لیژنەی دارایی ئەوەیە کە بە شێوەیەکی جیددی و بنەڕەتی، چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بە تایبەتی کێشە داراییەکان بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەردەوام دەبێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریا دەکات

سەڵاح

ڕیشی سوناک: سەرۆکی پارتی کرێکاران مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی وڵات

یاسین

Google ئامێری چاودێری کردنی دۆخی نەخۆش دروست کرد

یاسین