ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئیسرائیل دیمەشقی بۆردومان كرد، كوژراو هه‌یه‌

 

دوێنێ چوارشەممە ئیسرائیل هێرشی كرده‌ سەر دیمەشقی پایته‌ختی سوریا به‌هۆیه‌وه‌ سێ کەس گیانیان لەدەستدا، ئەمەش دووەم هێرشە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا بۆ سەر گەڕەکێک کە بارەگا ئاسایشییەکان و باڵیۆزخانەکانی لێیە.

ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ بنکە لە بەریتانیا ڕایگەیاند هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی لە گەڕەکی ئەلمەززە کردە ئامانج کە سەرکردەکانی حزبوڵا و سوپای پاسدارانی ئێران زۆرجار سەردانی دەکەن.

ئەم ڕێکخراوە ئەوەشی خستەڕوو لە هێرشەکەدا بەلایەنی کەمەوە سێ کەس کوژراون و دووانیان بیانین.

ئاژانسی هەواڵی سانا سەر بە دەوڵەتی سوریا لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە ” ئیسرائیلی دوژمن لە هێرشێکی ئاسمانیدا باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی لە گەڕەکی ئەلمەززە کردە ئامانج، و بەهۆیەوە سێ هاووڵاتی سڤیل کوژراون و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.”

ڕوانگە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هێرشێکی دیکەی ئیسرائیلدا ڕۆژی سێشەممە شەش کەس گیانیان لەدەستداوە کە سێ لەوانە هاووڵاتی سڤیل بوون و یەکێکیان بێژەرێکی تەلەفزیۆن بووە، هەروەهاش سێ چەکداری سەر بە ئێران کە یەکێکیان چەکداری حزبوڵا بووە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2011ەوە، ئیسرائیل سەدان هێرشی لە سوریا ئەنجامداوە، کە زۆربەیان پێگەی سوپا و چەکدارانی سەر بە ئێرانیان کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا پێگەکانی حزبوڵای لوبنان.

دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بە دەگمەن لێدوان لەسەر ئەو هێرشانە دەدەن، بەڵام چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە ڕێگە نادەن ئێرانی دوژمنی سەرسەختیان پێگەی خۆی لە سوریا فراوان بکات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشەکان چڕتر بونەتەوە لەوانە لە ناوچەکانی نزیک سنووری لوبنان.

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

هاتووچۆی بازرگانی لە سنووری پەروێزخان ڕادەگیرێت

سەڵاح

بۆ ئاگاداربوون لەڕەوشی ئارامی شار، ئومێد خۆشناو سه‌ردانی هێڵی گه‌رمی پۆلیسی فریاكه‌وتنی كرد

سەڵاح

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ پارێزگار و كارگێڕيى سلێمانى كۆبووه‌وه‌

یاسین