ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی تورکیا کرایەوە

 

وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی تورکیا کرایەوە، لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و تەواوی سەرۆکی پارت و لایەنە سیاسییەکان بەشدارییان کرد. هەندێک دۆخی سەیر ڕوویان دا کە بۆ یەکەم جار بوو ببینرێن؛ هەنگاوی باخچەلی بۆ دەم پارتی سەرەکیترین ئەو دۆخە بوو.

بۆ یەکەمجار سەرۆکی ڕاستڕەوترین پارتی تورکیا دەستی خستە ناو دەستی سەرۆک و پەرلەمانتارانی دەم پارتی، هەرچەندە چاوەڕێ دەکرا بە گفتوگۆ و گرژییەکی زۆرەوە وەرزی نوێ دەست پێ بکات، بەڵام بەپێچەوانەوە کەشی ئەرێنی باڵی بەسەر پەرلەماندا کێشا.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی ڕاستڕەوترین پارتی تورکیا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی، جگە لە ئاکپارتی، ڕەخنەی لە گشت پارتە سیاسییەکانی تورکیا گرت، جار جارەش هەڕەشەی لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کرد.

دوای ئەم گوتارە، لە ڕێورەسمی کرانەوەی پەرلەمانی تورکیا هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراوی گرتەبەر، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ئەو پارتەی کە بە تیرۆریست پێناسەیان دەکات و جار جارەش داوا دەکات مووچەی پەرلەمانتارییان ببڕدرێت و دابخرێن، دەستیان خستە ناو دەستی یەک. ئەم هەنگاوەی باخچەلی کاردانەوەی زۆری لە مێدیای تورکیا هەبوو. باخچەلی، دوای دانیشتنەکە لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: قۆناغێکی نوێ لە تورکیا دەستی پێ کردووە.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە گوتی: دەچینە ناو قۆناغیکی نوێوە، کاتێک داوای ئاشتی بۆ جیهان دەکەین، دەبێت لە وڵاتی خۆماندا ئاشتی دابین بکەین.

باخچەلی، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەیدا ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی بە خاوەن کەسایەتییەکی پوچ پێناسە کرد، بەڵام دوای دانیشتنەکە دۆخەکە تەواو گۆڕا.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە زیاتر گوتی: پشتیوان بەخوای گەورە دڵی یەکترمان نەشکاندووە، دڵگران مەبە هەندێک جار قسەی سیاسییمان هەیە و دەبێت بیکەین، وەک پێویستییەک بۆ سیاسەت دەیکەین.

ڕۆژی ڕابردوو، یەکەم دانیشتنی وەرزی یاسادانانی نوێ، بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمار و پارت و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا بەڕێوەچوو، چاوەڕێ دەکرێت لەم وەرزەدا کارەکان بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێ چڕ بکرێنەوە، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن دژیەتی، هەڵسوکەوتەکانی باخچەلیش وەک هەوڵی نەرمکردنەوەی دۆخەکە لەپێناو وەدەستهێنانی ڕەزامەندیی پارتەکان لێک دەدرێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ماڵپەڕی عەسری ئێران: پارەی نێو خەزێنە بەشی مووچەی سێ رۆژی فەرمانبەران دەکات

سەڵاح

لە رووداوێکی ئاگر کەوتنەوەدا ئافرەتێک دەبێتە قوربانی

یاسین

ڕژانی نه‌وت هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ژینگه‌و ئاو ده‌كات

سەڵاح