ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

مەسرور بارزانی: بۆ داهاتوو پێویستمان بە بڕیاڕی خەڵکی کوردستانە

 

ئەمڕۆ شەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2024، کاتژمێر 4:00ـی پاش نیوەڕۆ، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و بازرگان و پیشەوەر و خاوەنکارانی دهۆک كۆبووه‌وه‌ و وتی، بۆ داهاتوو پێویستمان بە بڕیاڕی خەڵکی کوردستانە، بە دەنگی خەڵکی کوردستانە بۆ ئەوەی بزانین داهاتووی وڵاتەکەمان چۆن دەبێت و بەرەو کوێ دەچێت.

ئه‌مڕۆ شەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2024 مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و بازرگان و پیشەوەر و خاوەنکارانی دهۆکدا گوتی: ئەمڕۆ خۆشحاڵم  کە لە خزمەتی ئێوەداین لەگەڵ بەربژێرانی لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، خۆشحاڵم کە دەبینین هەموو ئامادەن بۆ هەڵبژاردنی چەند ڕۆژی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، پشتیوان بەخوای گەورە بە دەنگی خۆتان چارەنووسی خۆتان دیاریی دەکەن و دەنگی خۆتان دەدەن بە پارتی دیموکراتی کوردستان.

مەسرور بارزانی گوتی: هەڵبژاردن هەموو کاتێک چارەنووسسازە بۆ وڵاتەکەمان، بۆ هەر کۆمەڵگە و نەتەوەیەکیش، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا کاتی هەڵبژاردنەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش بۆ داهاتووی وڵاتەکەمان زۆر گرنگە، دەزانین ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، پێشتریش هەوڵی بەرنامە و پیلانی زۆر هەبوون لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە پشتیوانی خودا و خۆڕاگریی و پشتیوانی خەڵکی کوردستان ئەو قەیرانەمان تێپەڕاند، بەڵام بۆ داهاتوو پێویستمان بە بڕیاڕی خەڵکی کوردستانە، بە دەنگی خەڵکی کوردستانە بۆ ئەوەی بزانین داهاتووی وڵاتەکەمان چۆن دەبێت و بەرەو کوێ دەچێت.

گوتی: لەبەر ئەوە زۆر گرنگە هەر کەسێک بڕیاری خۆی لە بەرژەوەندی وڵاتی خۆی بدات، بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی، بۆ داهاتووی میللەتی خۆی، بۆ داهاتووی منداڵەکانی خۆی، داهاتووی وڵاتی خۆی، پێویستە هەر تاکێک کە مافی دەنگدانی هەیە، ئامادەبێت بۆ دەنگدان و بچێت دەنگ بدات، ئەو کەسەی دەنگ نەدات، دڵنیابن خەڵکێکی دیکە لەبری ئێوە دەنگ دەدات کە ڕەنگە ئەنجامەکەی بە دڵی ئێوە نەبێت، لەبەر ئەوە ئەگەر ئێوە حەز دەکەن ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوو بە دڵی ئێوە بێت، بە دڵی خزم و کەسەکانتان بێت، بە دڵی دروسێکانتان بێت، هەر کەسێک کاریگەریتان لەسەریان هەبێت، هانیان بدەن بچن دەنگ بدەن، بۆ ئەوەی زۆرینەی ڕای خەڵکی کوردستان چی بێت، ئەنجامی هەڵبژاردن بەو شێوەیە بێت.

مەسرور بارزانی گوتیشی: لەبەر ئەوە پارتی بێ منەتە، چونکە لەو باوەڕەیە وەک حزبێکی ڕزگاریخوازی کورد و کوردستانی، هەر کەسێک و هەر تاکێک، هەر ئاین و نەتەوەیەک بێت، جێی لەنێو پارتیدا دەبێتەوە، لەبەر ئەوە چەندی دەنگدەری ئەو هەڵبژاردنە زیاتر بن، باوەڕی ئێمە وایە دەنگی پارتی زیاتر بێت، لەبەر ئەوە هیوادارم هەمووتان بچنە دەنگدان.

مەسرور بارزانی گوتیشی: پارتی لە دەستپێکی خەباتی سیاسی خۆیدا تاکوو ئێستا، هەموو کاتێک چەترێک بووە بۆ کۆکردنەوەی هەموو بیر و بۆچوونە جیاوازەکان لە کوردستاندا، هەمیشە حزبێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە، هەموو بۆچوونێکی جیاواز شوێنی خۆی لەنێو پارتیدا کردەوە، پارتی لەژێر سەرکردایەتی کردنی بارزانی نەمر تاکوو ئەمڕۆ، ڕۆژێک موساوەمەی لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان نەکردووە و ناشیکات، هاوکات لە مێژووی پارتیدا دەستکەوت و دوای دەستکەوت بۆ ئەو میللەتە بەدەستهاتووە، سوپاس بۆ خوای گەورە ئێستا کەسێک ڕێبەرایەتی ئەو حزبە دەکات کە هەموومان شانازیی پێدەکەین کە خاوەنی چەندین دەستکەوتە، لەژێر سایەی سەرۆک بارزانی چۆن تاکوو ئێستا پارتی سەرکەوتوو بووە، پشتیوان بەخوای گەورە بۆ داهاتووش سەرکەوتنی گەورەتر بەدەست دێنێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینێکى دیکەى تۆمار کرد

سەڵاح

ئاسایشی هه‌ولێر چوار كه‌س له‌سه‌ر رفاندنی كچێك ده‌ستگیر ده‌كات

یاسین

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ ڕاوێژكارى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌ييى عێراق كۆبووه‌وه‌

دڵشاد