ئەمڕۆ یەکشەممە 6/10/2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ لە دهۆک کۆ بووەوە و وتارێكی پێشكەش كرد، لە وتارەكەدا گوتی: “خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم لەم بۆنە گرنگە، بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، بێگومان ئەم ڕوودانە، زۆر هەستیار و مێژوویە بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان، هەر بڕیارێك لەم هەڵبژاردنە بدرێ، چارەنووسی وڵات دیاری دەكا، داهاتووی منداڵانی خۆتان دیاری دەكەن، بڕیارەكە دەستنیشانی دەكا كە چوار ساڵی داهاتوو شێوازی حوكمڕانی چۆن دەبێ، بڕیارەكە لە رۆژێكدا دەدرێ، بەڵام چوار ساڵ ئەنجامەكەی بەردەوام بێ.”
جێگری سەرۆكی پارتی ئاماژەی بەوەش دا: “ئەنجامی بڕیارەكەتان هەر چییەك بێ ئەو چوار ساڵە بەرهەمی دەنگی ئێوە دەبێ، بۆیە داوا لە هەموو خوشك و برایان دەكەم ئەوانەی لێرەن و ئەوانی تر لە هەر جێیەك بن، هیوادارم لەم هەڵبژاردنە بڕیارتان نەتەوەیی و نیشتمانی بێ، تا بزانین ئەم ئەزموون و دەستكەوتە كە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان بەخەسار ناچێ.”
مەسرور بارزانی باسی لەوەش كرد: “ئەوەی دەنگ نەدا، لە بری ئەوان دەنگ دەدەن، ڕێنمایی بەوانی تریش بدەن بچنە سەر سندووقی دەنگدان بۆ مسۆگەركردنی داهاتوو، لەو باوەڕەشدام بڕیاری ئێوە و كەسوكارتان، بڕیارێكی دروست بێ و رۆژی 20ی 10 بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن.”
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی لەوەش كردەوە: “ئەم هەڵبژاردنە لە كاتێكدایە گۆڕانكاریی خێرا لە ناوچەكەكە روو دەدا و روون نییە ناوچەكە بەرەو كوێ دەچێ، بۆیە پێویستە بڕیاری حەكیمانە بدەین و سەركردایەتیی حەكیمانە بكەین، تەنیا بە قسە و بەڵێن وڵات بەڕێوە نەچێ، پێویستە ڕابردووی هەر لایەنێكمان بیر بێتەوە و خوێندنەوەی بۆ بكەین، بزانین لە ئاست بەڕێوەبەرایەتیی وڵاتن یان نا، بزانین ئەگەر وڵاتمان ناچاری قوربانیدان بێ ئەو سەركردایەتییەی هەڵدەبژێرێ لە ئاستی ئەوەن خۆیان بكەنە قوربانیی مییلەت یان وەك هەندێ لایەن میللەت دەكەنە قوربانیی خۆیان، پارتی ئەو حزبەیە كە لەسەر دەستی بارزانیی نەمر دروست بووە و ئێستە سەرۆك بارزانی ڕێبەرایەتی دەكا، ئەو حزبەیە هەموو كاتێك خۆی كردووەتە قوربانی میللەتی خۆی.”