ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

دادگایەک لە ئەڵمانیا حوکمی 10 ساڵ زیندانی بەسەر هاووڵاتییەکی سووریدا دەسەپێنێت

 

 

دوێنێ چوارشەممە، 18ی كانوونی یەكەمی 2024، دادگایەكی ئەڵمانی بڕیاری دا سەركردەیەكی پێشووی میلیشیایەكی سووری، بۆ ماوەی دە ساڵ زیندانی بكرێت. هۆكارەكەی تاوانباركردنی بوو بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە سەردەمی سەرۆكی پێشوو بەشار ئەسەد.

تۆمەتبارەكە، كە بە ناوی ئەحمەد ح (47 ساڵ) ناسێنراوە، لە ساڵی 2026 گەیشتە ئەڵمانیا، لە كاتی لوتكەی شەپۆلی كۆچی پەنابەران بۆ ئەوروپا.

بەگوێرەی وتەی وتەبێژێكی دادگای هەرێمی باڵای هامبۆرگ، كە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی (فرانس پرێس) كردووە، (ئەحمەد ح) تاوانبار كرا بە تاوانەكانی ئەشكەنجەدان، بێبەشكردن لە ئازادی و كۆیلەكردن.

داواكاری گشتیی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندووە، كە (ئەحمەد ح) ئەو تاوانانەی لەنێوان ساڵانی 2012 و 2015 ئەنجام داوە، كاتێك سەركردەیەكی ناوچەیی گرووپێكی لایەنگری ڕژێمی ئەسەد بووە لە دیمەشق، كە ئامانجی سەركوتكردنی ئۆپۆزسیۆن بووە.

میلیشیاكە خاڵی پشكنینی دامەزراند، كە لەوێ “خەڵك بە شێوەیەكی نایاسایی دەستگیر دەكران، بۆ ئەوەی خۆیان و ئەندامانی خێزانەكانیان بخرێنە ژێر گوشارەوە، بۆ بەدەستهێنانی پارە و بەكارهێنانیان لە كاری زۆرەملێ، یان ئەشكەنجەدان.”

هەروەها ئەمانە ماڵی خەڵكی ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمیان تاڵان دەكرد و شتە دزراوەكانیان دەفرۆشت، بەپێی داواكارانی گشتی، كە (ئەحمەد ح)یان تۆمەتبار كرد بە بەشداریكردنی “لە پێشێلكارییەكان دژی هاووڵاتییانی سڤیل.”

كاتێك (ئەحمەد ح) لە مانگی تەمووزی 2023 لە ئەڵمانیا دەستگیر كرا، ناوەندی سووری بۆ دادپەروەری و لێپرسینەوە، كە بارەگاكەی لە واشنتۆنە و چاودێریی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە سووریا دەكات، ڕایگەیاند، كە لێكۆڵینەوەكان بوونە هۆی دەستگیركردنی.

ناوەندەكە لێكۆڵینەوەكانی دەست پێكرد، دوای ئەوەی شایەتحاڵێك لە مانگی ئایاری 2020 ڕایگەیاند، كە گومانلێكراوەكە لە ئەڵمانیا دەژی.

ئەڵمانیا لە سەردەمی ڕاوێژکاری پێشوو ئەنگێلا مێرکڵدا، لە کاتی شەپۆلی پەنابەرانی ساڵانی 2015 و 2016، مافی پەنابەری بە سەدان هەزار سووری بەخشی.

لەو کاتەدا ڕێکخراوە ناحکوومییەکان هۆشداریان دا، کە ئەندامانی میلیشیاکان، کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی کردەوەی دڕندانە بۆ بەرژەوەندیی حکوومەتی ئەسەد، دەگەنە ئەوروپا و مافی پەنابەری وەردەگرن.

هەواڵی پەیوەندیدار

کۆمپانیای Apple تایبەتمەندی Intelligence بەردەست دەکات

یاسین

ژماره‌ وهۆكاری گیانله‌ده‌ستدانی حاجیانی ئه‌مساڵ راگه‌یه‌نرا

سەڵاح

سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ڕێگرییان لە سەرژمێریی كوردانی گوندێكی كوردنشین كرد

یاسین