دادگای کەرخ له بەغدا سکاڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەت کردەوە.
ئهو بڕیارەش وەک سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئەو کۆمپانیا نەوتییانە دەبینرێت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بڕیارەکە ڕێگری دەکات لە هەوڵەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نهوتییهكانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ 9 کۆمپانیا کە لە بواری بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچەکەدا کار دەکەن.
بڕیارەکەی دادگا، کۆتایی بە هەڵمەتی یاسایی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەهێنێت لە دژی ئەم کۆمپانیایانەی ئاداکس، دانا گاز، دی ئێن ئۆ، گازپرۆم نەفت، جێنێل ئینێرجی، گۆڵف کیستۆن، ئێچ کەی ئێن ئینێرجی، شاماران و وێسترن زاگرۆس.
لەم بارەیەوە، سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان 24ی ڕاگەیاند “دوای بڕیارەکەی دادگا، وەزارەتی نەوتی عێراق ماوەی 30 ڕۆژی لەبەر دەستە بۆ ئەوەی تانە لە بڕیارەکە بدات، ئەگەر لەو ماوەیە وەزارەت هیچ تانەیەک لە بڕیارەکەی دادگا نەدات، بە تەواوی بابەتەکە دادەخرێت.”
ڕاشیگهیاندووه، ئەم بڕیارە دەبێتە هاندەرێکی بەهێز بۆ کۆمپانیاکانی کارا لە کەرتی نەوتی و گازی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی سەرمایەی زیاتر بەگەربخەن و کارەکانیان فراوان بکەن، هاوکات هانی کۆمپانیاکانی دیکەش بدات بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی کوردستان و کار بکەن.