zagros news agency

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە

 

* وەزیری دەرەوەی سووریا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتی دیمەشق کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 1/23، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ ئەسعەد ئەلشەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەیەکی دۆستانەدا، دۆخی گشتیی سووریا و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا.

وەزیری دەرەوەی سووریا، کورتەیەکی دەربارەی بارودۆخی نوێی سووریا و هەوڵەکانی ئیدارەی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیریی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی خستەڕوو.

وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەدا کە کورد خوشک و برای ئێمەن و پێکهاتەیەکی گرنگ و ڕەسەنی سووریان و دڵنیایی دەدەین کە مافەکانیان پارێزراو دەبێت.

وەزیری دەرەوەی سووریا، هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بانگهێشتی دیمەشق کرد و گوتی هیوادارین کە لەئایندەیەکی نزیکدا لە شام بتبینین.

سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە پاراستنی ئاشتیی و ئارامیی سووریا بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە و لەمبارەیەوە ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەموو پشتگیریی و هاوکارییەکی پێویست بۆ خوشک و برایانمان لە سووریا.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنیی مافی هەموو پيکهاتەکانی سووریا و لەنێویشیاندا گەلی کورد.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ نزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا بەرز نرخێنرا.

هەواڵی پەیوەندیدار

گۆڤاری فۆربێس: ڕۆڵی هه‌ولێر وه‌ک ناوه‌ندی نوێی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی ئه‌مه‌ریکا دژ به‌ داعش

سەڵاح

بڕیاری کۆتایی لەلایەن ڕیال مەدریدەوە سەبارەت بە گواستنەوەی زستانە

یاسین

لە هەولێر پێشانگای “دوای جێهێشتن” کرایەوە

ART