دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا (ئێف ئێس بی) ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٥، ڕایگەیاند کارمەندانی ئەم دەزگایە ئەندامانی شانەیەکی”تیرۆریستی”یان لە ئاسیای نێوەڕاست کوشتووە کە بۆ ئەنجامدانی تەقینەوە لە وێستگەی شەمەندەفەر لە شاری پسکۆڤ پلانیان دانابوو.
دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: تیرۆریستان لە بەرانبەر کارمەندانی دەزگای ئاسایشی ڕووسیا بەرگریی چەکدارانەیان کرد و لە ئەنجامی تەقەکردنەوەدا کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی مۆسکۆ تایمز، ئەم دەزگایە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە دەریدەخات هێرشی شەوانە کراوەتە سەر ماڵێک و شوقەیەک.
لە ڤیدیۆکەدا، تەقەکردنی ئەندامانی دەزگای ئاسایشی ڕووسیا لە دەرگای ماڵەکە و تەقینەوەی بۆمبێک دەبینرێت، بەدوای ئەمەشدا چەندین تەرم دەردەکەون و ژمارەیەک لەوان چەکیان بەدەستەوەیە، هەروەها تەقەمەنی و ماددەی تەقینەوەش دەبینرێن.
دەزگای ئاسایشی ڕووسیا ڕایگەیاند: ئەم گروپە سەر بە وڵاتێکی نادیاری ئاسیای نێوەڕاستە و بەشێکە لە “ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی نێودەوڵەتی”ی نادیار وسەرقاڵی دروستکردنی بۆمب و پلاندانان بوون بۆ تەقاندنەوەی وێستگەی شەمەندەفەری پسکۆڤ.
دەسەڵاتدارانی ڕووسیا بەردەوام هەواڵی لەنێوبردنی شانەی تیرۆریستی بڵاو دەکەنەوە.
لە مانگی ئاداری ٢٠٢٤دا، چەکداران هێرشیان کردە سەر کۆمپلێسی کرۆکۆس لە دەوروبەری مۆسکۆ، تەقەیان لە ئامادەبووانی کۆنسێرتێک کرد و پاشان هۆڵەکەیان ئاگردا، کە بووە هۆی کوژرانی ١٤٥ کەس.
ئەوکات داعشی خۆراسان بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاند و لە دوای ئەویش ڕووسیا چوار گومانلێکراوی بە ڕەگەز تاجیکستانیی بە تۆمەتی پەیوەندییان بە هێرشەکەوە دەستگیرکرد.
![](https://i0.wp.com/www.zagrosn.com/wp-content/uploads/2025/02/received_601821975972170.jpeg?fit=770%2C513&ssl=1)