ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

دوای ره‌خنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ئه‌وروپا، فەڕەنسا میوانداری گفتوگۆکانی كیشوه‌ره‌ لەسەر ئۆکرانیا دەکات

 

لە نێوەندی گۆڕانی شێوازی مامەڵەکردنی ئەمەریکا لەگەڵ جەنگی ئۆكرانیا و پێشنیارەکانی بەرپرسانی ئه‌و وڵاته‌ لەسەر ئەوەی کە ئەوروپا ڕۆڵێکی لە گفتوگۆکانی ئاشتیدا نابێت، بڕیارە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخەکەی ناو ئۆکرانیا، میوانداری کۆمەڵێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا بکات.

هەریەک لە سەرکردەکانی بەڕیتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، ئیسپانیا، هۆڵەندا و دانیمارک ئامادەی گفتوگۆکان دەبن. سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ مارک ڕوت، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا ئەنتۆنیۆ کۆستا و سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لینیش بەشداری دەکەن.

سەرکردەکانی ئەوروپا لەمدواییانەدا بەڵێنیاندا بەردەوام بن لە پشتیوانییەکانییان بۆ ئۆکرانیا، بە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا کییەر ستارمەریشەوە کە وتی حکومەتەکەی ئامادەیە هێز ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات لە چوارچێوەی هەر هێزێکی ئاشتی پارێزی دوای جەنگدا.

ستارمەر وتی خستنەوەی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ئۆکرانیا زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە ئەنجامدانی هەر دوژمنکارییەکی دیکە.

سەرۆک وەزیری سوید ئوڵف کریستەرسن ڕۆژی دووشەممە وتی وڵاتەکەی ڕەوانەکردنی هێز بۆ پەیوەندیکردن بە هێزێکی ئاشتی پارێزەوە کە ” ئەرکێکی ڕوونی هەبێت ” بە دوور نازانێت.

سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا ئەنتۆنیۆ کۆستا هەفتەی ڕابردوو لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ وتی ئاسایشی ئۆکرانیا و ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا ” ناکرێت جیا بکرێنەوە.”

وتی ” بەبێ ئۆکرانیا و بەبێ یەکێتی ئەوروپا هیج گفتوگۆیەکی سەرکەوتووی متمانەپێکراو نابێت، هیچ ئاشتییەکی هەمیشەیی نابێت.”

ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ گەیشتە سعودیە و پێشبینی دەکرێت ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ دیبلۆماتکارانی ڕووسیادا کۆببێتەوە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ و ڕاوێژکاری کاروباری دەرەوە یوری یوشاکۆڤ دواتر گەشت دەکەن بۆ سعودیە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا تامی بروس وتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی مایک واڵتز و نوێنەری تایبەت ستیڤ ویتکۆڤ لە سعودیە لەگەڵ شاندە ڕووسیاییەکەدا کۆدەبنەوە. ئۆکرانیا بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا ناکات.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا ڕێککەوتن لەسەر دەستبەجێ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی ئاشتی، بەڵام ڕوبیۆ لە کەناڵی سی بی ئێسدا وتی ” پڕۆسەیەک بەرەو ئاشتی شتێک نیە بە یەک کۆبوونەوە بکرێت.”

وتی ” لە ڕۆژ و هەفتەکانی دواتردا دەبینین ئەگەر ڤلادیمیر پوتن گرنگی بدات بە گفتوگۆکردن بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا، بە شێوەیەک کە بەردەوام و دادپەروەرانە بێت.”

ڕوبیۆ وتی هەرکە کە ” گفتوگۆ ڕاستەقینەکان ” دەستییان پێکرد ئۆکرانیا ” دەبێت بەشداری پێبکرێت.”

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ پڕۆگرامی Meet the Press ی کەناڵی ئێن بی سیدا وتی ” هیچ بڕیارێک لە نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا سەبارەت بە ئۆکرانیا پەسەند ناکەم. جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا دژی ئێمەیە، ئێمە خەڵک لە دەست دەدەین.”

وتیشی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە سەرۆک ترامپی وتووە کە پوتن تەنها خۆی بە شێوەیەک پیشان دەدات کە ئاشتی دەوێت.

وتی ” وتم کە ئەو درۆزنە. سەرۆک ترامپ وتی ‘ پێم وایە ئەو ئامادەیە بۆ ئەم گفتوگۆیانە.’ منیش پێم وت ‘ نەخێر ئەو درۆزنە. هیچ ئاشتییەکی ناوێت.’ ”

 

ئەمەریکا گەورەترین دابینکەری چەک بووە بۆ ئۆکرانیا لە ماوەی جەنگەکەدا، بەڵام ترامپ ڕوون نەبووە سەبارەت بە بەردەوامیدان بە پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا و ساڵی ڕابردووش لە ماوەی مشتومڕێکی سیاسییدا ڕەتی کردەوە بڵێت کە دەیەوێت ئۆکرانیا لە جەنگەکەدا سەرکەوتوو بێت.

زێلێنسکی وتی بەبێ بەردەوامیی یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا ” ڕەنگە شکست هێنان بە ڕووسیا زۆر زۆر زۆر قورس بێت. بێگومان لە هەموو بارودۆخە سەختەکاندا تۆ دەرفەتێکت هەیە. بەڵام دەرفەتێکی کەممان دەبێت. دەرفەتێکی کەم بۆ ڕزگاربوون بەبێ پشتیوانی ئەمەریکا.”

ڕووسیا لە ئێستادا کۆنتڕۆڵی نزیکەی لە سەدا 20 ی خاکی ئۆکرانیای کردووە، بە نیمچە دوورگەی کرایمیاشەوە کە لە ساڵی 2014 دا لکاندی بە ڕووسیاوە.

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

کەربەلا… خۆپیشاندەران داوای دامەزراندن دەکەن

سەڵاح

سودانی: پێویستمان بە هێزەکانی ئەمەریکا نەماوە

یاسین

کەشناسی : پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبێت

سەڵاح